چەند نیشانەیەکی کەمیی ڤیتامینی C لەسەر جەستە

PM:09:15:12/11/2023

932 جار خوێندراوەتەوە

ڤیتامین سی بە یەکێک لە گرنگترین ڤیتامینەکان دادەنرێت کە جەستە پێویستی پێیەتی بۆ بەرزکردنەوەی بەرگری جەستە.

بەگوێرەی رۆژنامەی تایمز ئۆف هیندستان، ئەمانە کۆمەڵێک نیشانەی کەمی ڤیتامین سی لە جەستەدا:

١. ماندوویەتی و بێهێزی: ڤیتامین سی رۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەرهەمهێنانی وزەدا، هەروەها کەمییەکەی دەبێتە هۆی ماندوویەتی.

٢. دووبارەبوونەوەی هەوکردن: ئەگەر زوو زوو تووشی هەڵامەت دەبیت، ئەمە مانای وایە کە کەمی ڤیتامین سیت هەیە لە لەشتدا.

٣.بە هێواشی چاکبوونەوەی برین: ڤیتامین C پێویستە بۆ دروستکردنی کۆلاجین کە پرۆتینێکی پێویستە بۆ چاکبوونەوەی برین. ئەگەر تێبینی ئەوەت کرد کە بڕین و برینەکانت زیاتر لە ئاسایی دەخایەنێت تا چاک دەبنەوە، ئەمە ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ کەمی ڤیتامین سی.

٤.ئازاری جومگەکان و ماسولکەکان: ڤیتامین سی ڕۆڵی هەیە لە پاراستنی شانە بەستەرە تەندروستەکان، لەوانەش جومگەکان و ماسولکەکان، کەمییەک لەوانەیە ببێتە هۆی ئازار و ناڕەحەتی لەم شوێنانەدا.

٥. پێستی وشک و تێکچوو: وەک دژە ئۆکسێنەرێک ڤیتامین سی یارمەتی پاراستنی پێست دەدات لە فشاری ئۆکسجین، ئەگەر پێستت وشک بوو، تێکچوو، یان تووشی کێشە بوو، لەوانەیە نیشانەیەک بێت بۆ ئەوەی جەستەت پێویستی بە ڤیتامین سی زیاترە.

٦. هەڵئاوسانی پووک و خوێنبەربوون: کەمی ڤیتامین سی دەبێتە هۆی توشبوون بە "سکورڤی"، حاڵەتێکە بە ئاوسانی پووک و خوێنبەربوونی پووک دەناسرێتەوە، ئەگەر هەستت بەم نیشانانە کرد، پێویستە دەستبەجێ ڤیتامین سی وەربگریت.

٧. گۆڕانی باری دەروونی و توڕەبوون: ڤیتامین سی بەشدارە لە بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکانی وەک سیرۆتۆنین کە کاریگەری لەسەر باری دەروونی دەبێت، کەمییەکەی ڕەنگە بەشداربێت لە گۆڕانی باری دەروونی و توڕەبوون و تەنانەت خەمۆکیش.
H.Y