چەند خواردن و خواردنەوەیەک بۆ زیادکردنی کێش و ماسولکە بە شێوەیەکی تەندروست

PM:04:59:27/10/2023

8432 جار خوێندراوەتەوە

زۆر کەس بەردەوام هەوڵی دابەزاندنی کێشیان دەدەن و بە کارێکی قورسی دەزانن، بەڵام بۆ هەندێکی تر زیادکردنی کێشی جەستەیان قورسە و هەرچییەک بخۆن بە لاوازی دەمێننەوە.

ماڵپەڕی برایت ساید لە بابەتێکی تەندروستیدا، ئاماژە بەو خواردن و خواردنەوانە دەدات کە دەتوانن بە شێوەیەکی تەندروستی کێشی جەستە زیاد بکەن و خزمەت بە ماسولکەکانت بکەن، یاسای یەکەمیش ئەوەیە خواردنی خراپ و بێ سوود هەرگیز بە تەندروستانە کێشی جەستە بەرز ناکەنەوە، ئەمانە گرنگترین ئەو خواردن و خواردنەوانەن کە سوود بە ماسولکە دەگەیەنن و کێشی جەستەت زیاد دەکەن:

١. شیر بۆ بەهێزیی ئێسک و زیاد بوونی وزە، بەهۆی دەوڵەمەندی بە پڕۆتین و چەوری، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ماسولکەکان هەیە، ئەگەر وەرزشیش نەکەیت دەتوانیت رۆژانە دوو بۆ سێ کوپ شیر بخۆیتەوە.

٢. دروستکردنی گیراوەی پڕۆتینی سروشتی، باشترە کە خۆت لە ماڵەوە سموسییەکی پڕۆتینی سروشتی دروست بکەیت، پێکهاتبێت لە شیر، مۆز، کەرەی عەلی بابا، ماستی پڕۆتینی بەرز، هەروەها تێکەڵ کردنی شیلک یان میوەیەکی تر لەگەڵیدا.

٣. ئەڤۆکادۆ بۆ باشتر کردنی تەندروستی ماسولکەکان، بەهۆی بوونی چەوری تەندروست تیایدا، ­دەتوانیت بۆ زیادکردنی کێش سوودی لێ وەربگریت بە تێکەڵکردنی لە ناو ژەمێکی زەڵاتەدا.

٤. گۆشتی سور، پێکهاتەکانی ناوی یارمەتی زیاد کردنی کێش و ماسولکە دەدەن، بەو مەرجەی لەگەڵ سەوزە و زەڵاتەدا بخورێت، هەروەها نابێت بڕێکی زۆری لێ وەربگیرێت.

٥. ماسی سەلەمون، بڕێکی زۆری پڕۆتین و چەوری تەندروستی تێدایە، نەک تەنها بۆ ماسولکە بەڵکو سوودی زۆر بە تەواوی جەستە دەگەیەنێت.

٦. هێلکەی کوڵاو، یەکێکە لە خواردنە سەرەکییەکانی بنیادنانی ماسولکە و زیادکردنی کێش، ئەویش بەهۆی ئاستی بەرزی پڕۆتینی ناوی.

٧. فاسۆلیا، بە پڕۆتینی بەرز و چەوری کەم ناسراوە، بە خواردنی سێ جار لە هەفتەیەکدا سوودێکی زۆر بە ماسولکە و تەندروستی جەستە دەگات.
٨. دەتوانیت کەرەی عەلی بابا و مۆز بەیەکەوە بخۆیت، وەک لەفەیەک لەسەر پارچە سەموون یان نانێک دادەنرێن کە ژەمێکی پڕ لە پڕۆتینت پێ دەبەخشن.

M.B