هۆکارەکانی تیکچوونی خەو لە کەسانی بەساڵاچوواندا چین؟

PM:11:41:23/10/2023

1204 جار خوێندراوەتەوە

تێکچوونی خەو بە یەکێک لەو کێشە سەخت و بەربڵاوانە دادەنرێت کە بەساڵاچووان بەدەستیەوە دەناڵێنن، ئەمەش کاریگەری لەسەر تەواوی ژیانیان دەبێت و ئازارەکانی رۆژانەیان زیاتر دەکات، هەروەها دەبێتە هۆی زۆرێک لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت.

لە راپۆرتێکدا کە ماڵپەڕی پزیشکی " Happiest Health" بڵاویکردووەتەوە، باس لەوە دەکات کە کێشەی خەو لە کەسانی بەساڵاچوودا کاریگەریی نەرێنی لەسەر جەستەیان دروست دەکات.

بەپێی ئەو راپۆرتە کە لە پسپۆڕانی تەندروستیەوە وەریانگرتووە، کەسانی بەساڵاچوو بەهۆی تێکچوونی خەو و کەمبوونەوەی خەوی قوڵ کە بەهۆی ناچالاکی مێشکەوە دروست دەبێت، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکان زیاتر دەبێت.

دکتۆر لێنی دا کۆستا، پزیشکی راوێژکاری کەسانی بەتەمەن و پزیشکی دڵ ئاماژە بە هەندێک لەو هۆکارە دەرەکییانە دەدات کە دەبنە هۆی تێکچوونی خەو لە کەسانی بە ساڵاچوواندا، دەڵێت" لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەن مرۆڤەکان خراپتر خەویان لێدەکەوێت، رووناکی وایان لێدەکات زیاتر هەستیار بن یان ئەگەر لەکاتی خەوتندا گوێ بیستی ژاوەژاو ببن یەکسەر هەست بە تێکچوون دەکەن ئەمەش وایان لێدەکات لە خەو هەستن و جارێکی دیکە بە سەختی خەویان لێبکەوێتەوە".

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کەمخەوی دەبێتە هۆی ئەوەی بە درێژایی شەو بەخەبەر بن و لە رۆژدا زۆر بخەون ئەمەش وادەکات باری دەروونییان تێک بچێت و هەست بە ماندووبوون و بێهێزی بکەن.
A.A