چۆن برنج بخۆیت بەبێ ئەوەی قەڵەوت بکات؟

AM:11:21:16/09/2021

26480 جار خوێندراوەتەوە

برنج، یەکێکە لە خواردنە باوەکان و لە زۆربەی ژەمەکاندا ئامادە دەکرێت لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت کەمی لێبخورێت، چونکە کێش زیاد دەکات، یان ھۆکارە بۆ نەخۆشی شەکرە و بەرزی فشاری خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ.
کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک لەبارەی خواردنی برنج و پەیوەندیی بە قەڵەوییەوە ئەم ڕوونکردنەوانەی بڵاوکردووەتەوە:
یەکەم: ھاوشێوەی ھەموو خواردنێک بڕ و جۆری ئەو برنجەی دەخورێت گرنگە لەگەڵ شێوازی لێنان و جۆر و بڕی ئەو زەیتەی یان ڕۆنەی پێی لێدەنرێت، واتە چەندی لێ دەخورێت، کام جۆری لێ دەخۆرێت، برنجەکە چەور لێنراوە یان نا.
دووەم: لە ھەمانکاتدا جۆر و بڕی ئەو شلەیەی لەگەڵیدا دەیخۆیت گرنگە، بۆ نموونە شلەی کولەکە وزەی کەمتر تێدایە لە شلەی فاسۆلیا،  فاسۆلیای سەوز کەمتر لە فاسۆلیای وشک، ئایا شلەکە چەور لێنراوە و ئایا گۆشتی تێدایە، ھەموو ئەمانە رۆڵی ھەیە.
سێیەم: برنج و شلەکە لەگەڵ چی دەخورێت، وەک بڕ و جۆری ئەو گۆشت و مریشکەی لەگەڵیدا دەخورێت.
چوارەم: بڕی ڕێگەپێدراو لە برنج لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، بە گوێرەی بڕی پێویستی لەش بۆ وزە،‌ لە ڕێگەی ھەموو جۆرەکانی خواردن و خواردنەوەکان دەگۆڕێت، پەیوەستە بە کێش و باڵا و ڕێژەی بارستایی لەش و تەمەن و جۆری کار و ئەنجامدانی وەرزش و جووڵە و بوونی نەخۆشی درێژخایەنەوە.
 پێنجەم: یەک کوپ برنجی دەنک درێژ بڕی وزەی کەمتر تێدایە لە برنجی خڕ، برنجی بۆر لە برنجی سپی لە ڕووی تەندروستییەوە زۆر باشترە،‌ بەڵام کەمێک وزەی زیاتر تێدایە.
شەشەم: لە کوردستان ئەوەی دەبێتە ھۆی زیادبوونی کێش بریتییە لە خواردنی بڕێکی زۆر لە برنج ڕۆژانە ژەمێک یان زیاتر، بەکارھێنانی بڕێکی زۆر لە زەیت یا ڕۆن لەکاتی لێنانیدا، خواردنی گۆشت و مریشک و پەلەوەر لەگەڵیدا، نەخواردنی زەڵاتە پێش برنجەکە شان بە شانی ھۆکارەکانی تری قەڵەوی وەک کەمی جووڵە ، وەرزشنەکردن ، شەونخوونی ، ھتد.
حەوتەم: برنجی کوردی لە ڕووی تەندروستیەوە زۆر باشترە.
ھەشتەم: شێوازی ھەڵەی چێشتلێنان و خواردنی بڕێکی زۆر لە برنج ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە زیاد بوونی کێش و قەڵەوی .
نۆیەم: پێویستە بڕی برنج کەمتر بخورێت، بە زەیتێکی کەم و خوێی کەم لێبنرێت، بە سادەیی بخورێت، قاپێک زەڵاتە و سەوزە چەند خولەکێک پێش برنجەکە بخورێت، ئەگەر گۆشت و مریشکی لەگەڵدا بوو یەک پارچەی بچووکی لەگەڵ بخورێت، بە نانەوە نەخورێت.
ئ.ل