دوای ئەوەی لەماوەکانی رابردوودا، شێف بوراک و باوکی تووشی
کێشەیەکی گەورە بوونەوە، ئیسماعیل ئۆزدەمیری باوکی لە نوێترین لێدواندا پشتڕاستی
کردەوە کە لەنێوان خۆی و کوڕەکەی لێکتێنەگەیشتن هەبووە و لە ئێستادا ئەو ناکۆکییە کۆتایی
هاتووە.
بەپێی چاوپێکەوتنەکەی کە لە ماڵپەڕی "فۆشیا"
بڵاوکراوەتەوە، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "بوراک ماوەیەک دوورکەوتەوە لە
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڤیدیۆی بڵاو نەدەکردەوە، بۆیە من ناچار بووم ڤیدیۆ بگرم و
بڵاوی بکەمەوە لەبەر چێشتخانەکەمان، لە ئێستاشدا هەردووکمان لەو ناکۆکییە
پەشیمانین".
هەروەها ئاماژەی بەوەش
کرد، هۆکاری سەرەکی ئەو ناکۆکییەی نێوانیان، چێشتخانە نوێیەکە
بووە کە رووبەرەکەی نزیکەی حەوت هەزار مەتر چوارگۆشەیە.
راشیگەیاند، بەم نزیکانە بوراک چێشتخانەی تایبەت بە خۆی
دەکاتەوە، کە لەماوەی ناکۆکیەکەیاندا دروستی کردووە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی بوراک پێویستی
بە فرۆشتنی موڵکەکە نەبووە بۆ ئەوەی چێشتخانە نوێیەکەی تەواو بکات.
ئیسماعیل ئۆزدەمیر دەربارەی باری تەندروستی کوڕەکەی قسەی
کرد و وتی "بوراک تووشی بەردی زراو ببوو، بۆیە ناچاری کرد نەشتەرگەری بکات و
لەئێستاشدا تەندروستی باشە و گەڕاوەتەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆی".
M.B