چۆن چارەسەری خەمۆکی دەکەین؟

PM:03:50:24/09/2023

7240 جار خوێندراوەتەوە

زۆر کەس بەدەست نەخۆشی خەمۆکییەوە دەناڵێنن کە نەخۆشییەکی دەروونییە و پێویستی بە چارەسەرە، بە چەند نیشانەیەک دەناسرێتەوە وەک گۆڕینی شێوازی خەوتن، هەستکردن بە دڵتەنگی لەڕادەبەدەر، ماندوێتی بەردەوام، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، بوونی ترس و دڵەڕاوکێ و توڕەبوون.

گۆڤاری " Helpraxisent" ی ئەڵمانی ئاماژەی بەوە کردووە، خەمۆکی چەند رێگا چارەسەرێکی هەیە، کە بە شێوەیەک لە سەرەتاوە دەبێت هەندێک رێوشوێن بگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە گەشەکردنی نەخۆشییەکە، بە بەرگریکردن لەم نیشانانە دەتوانیت خۆت بە دوور بگریت لە نەخۆشی خەمۆکی.

ئەم ڕێوشوێنانەش بریتین لە گەڕاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بەو پێیەی خێزان و هاوڕێیان لێرەدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە یارمەتیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خەمۆکی، هەروەها گەڕانەوە بۆ شێوازی خەوتنی تەندروست لەرێگەی کەمکردنەوەی خواردنی کافاین پێش خەوتن و دوورکەوتنەوە لە ئامێرە ئەلکترۆنییەکان هەروەها پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکی تەندروست .

ئەگەر کەسێک لەکاتی خەمۆکیدا وازی لە خواردن هێنا، ئەوا دەتوانێت لەو ماوەیەدا پشت بە شۆرباو ژەمەکان سووکەکان ببەستێت، کە چێژی لێ وەردەگرێت لەکاتی پابەندبوون بە پلانی ئاسایی ژەمەکان.

بۆ ئەو کەسانەی کە زیادەڕۆیی لە خواردن دەکەن دەتوانن خۆراکی تەندروست بخۆن کە دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ، وەک سەوزە و هەندێک میوە، هەروەها گۆڤارە ئەڵمانییەکە پێشنیاری کردوە کە وەرزش ئەنجامبدرێت، بەتایبەتی ئەو وەرزشانەی کە ئارەزووی دەکەن،هەروەها بەشداریکردن لە چالاکییەکان وەک وێنەکێشان و نووسین ، هەروەها چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، کە هەستکردن بە خود و پاڵنەرەکانی مرۆڤ زیاد دەکەن.
A.A