چ تەمەنێک گونجاوە بۆ ئەوەی مۆبایل بە منداڵەکەت بدەیت؟

PM:11:48:08/09/2023

4804 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی مۆبایلە زیرەکەکان، کە بوونەتە پێویستییەکی سەرەتایی، خێزانەکان رووبەڕووی دۆخێکی ئاڵۆز دەبنەوە تا ئەوەی بزانن منداڵەکانیان ئامادەن بۆ بەکارهێنانی مۆبایل و تەکنەلۆژیا.

رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست راپرسییەکی لەگەڵ پسپۆڕان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک ئامۆژگاری بۆ دایک و باوکان بخەنەڕوو دەربارەی بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان بۆ مندالەکانیان، ئاماژە بەوە دەکات تەمەنی گونجاو بۆ منداڵان بۆ بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لە نێوان ١٠ بۆ ١٤ ساڵیدایە.

ئەمە بەو مانایە نایەت کە منداڵان لە نێوان ئەم تەمەنەدا راستەوخۆ مۆبایلی زیرەک بەکاربهێنن، چونکە پێویستە سەرەتا بە بەرپرسیارێتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن فێر بکرێن.

وەک لە رۆژنامەکەدا هاتووە، پێویستە دایک و باوک بە گفتوگۆکردن دەستپێبکەن، لەو کاتەی منداڵەکە تەمەنی ١٠ ساڵە، لە مەترسی و زیانەکانی مۆبایلی زیرەک ئاگادار بکرێنەوە، دواتر لەگەڵ نزیکبوونەوەی قۆناغی شەشەم و حەوتەمی خوێندن، رێگە بدرێت ئەو جۆرە ئامێرانە بەکاربهێنرێت.

ئەگەر ئەم مۆبایلانە بە ئینتەرنێتیشەوە پەیوەست نەکرێن، پێویستە دایک و باوک منداڵەکانیان بەشێوەیەک پەروەردە بکەن کە منداڵەکانیان تووشی چی دەبن کاتێک ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، بەتایبەتی کاتێک کە دەگەنە تەمەنی هەرزەکاری.

بەپێی ئامارەکانی سەنتەری توێژینەوەی "پێو" لە ئەمریکا، نزیکەی لەسەدا ٩٥ی هەرزەکارانی تەمەن نێوان ١٣ بۆ ١٧ ساڵان لە ئەمریکا ئینتەرنێت لە ناو مۆبایلە زیرەکەکانیان بەکاردەهێنن.


M.B