گۆرانییەکی مەریوان سەفادین بەشێوەی کلیپ بڵاوکرایەوە

PM:08:33:13/09/2021

4728 جار خوێندراوەتەوە

گۆرانی "شەو"ـی هونەرمەند مەریوان سەفادین بە شێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکرایەوە.

چەناڵی فەرمی کۆمپانیای هێڵی دەنگ ڤیدیۆ کلیپی گۆرانی "شەو"ـی مەریوان سەفادینی بڵاوکردەوە.

ئیبراهیم هەورامانی تێکستی گۆرانیەکەی نوسیوە و مەریوان سەفادین ئاوازەکەی داناوە، شادمیر نامۆ کاری میکس مایسترینگ و رێکخستنی بۆ کردوە.

مەریوان سەفادین لە پەڕەی فەرمی فەیسبووکی خۆی لەبارەی ڤیدیۆ کلیپەکەیەوە وتی "ئامانجمان لەم بەرهەمە زیاتر لەوەدا بوو کە کۆمەڵێك بەرهەمی هونەریم هەن لای گوێگران ونن، بۆیە هەوڵمانـداوە جار جارە یەکێك لەو بەرهەمانە بە جوانکاریەکی سەردەمیانەوە بخەینەوە بەر چاو و گوێی گوێگرانی خۆشەویست لە دوای ئەمەش بەرهەمی دیکەش بڵاو دەکەینەوە کە نوێیە و پێشتر گوێتان لێ نەبوە بۆیە پێش ئەوەی ئێوە لەو ڕوەوە قسەتان هەبێت من خۆم بۆم ڕونکردنەوە بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێوە بە دەنگ و هونەرەکەی من ئاسودە بن سوپاستان دەکەم."

 

مەریوان سەفائەدین لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری ھەڵەبجە لەدایک بووە و ھەتا ساڵی ١٩٨٨ و کاتی کیمیابارانەکەی ھەڵەبجە لەوێ ژیاوە، لە ساڵی ١٩٩٦ کوردستانی بەرەو ئەورووپا بەجێھێشت بەجۆرێک ٢ ساڵ لە ئەڵمانیا و ١٠ ساڵ لە ئایسلەند ژیاوە، پاشان چووەتە سوید، لە ساڵی ١٩٩٣ لە رێگەی بەھجەت یەحیاوە دەستی بە کاری ھونەری کردووە، شەش بەرھەمی بەشێوەی تاک تۆمار کردووە. ھەروەھا مەریوان یەکێک بووە لە ئەندامانی تیپی مۆسیقای فۆلکلۆری کورد کە چەندین کۆنسێرتی لەگەڵ تیپەکە لە ھەردوو شاری ھەولێر و سلێمانی کردووە، تەنیا دوو ئەلبومی بەناوەکانی دییە لە ٢٠٠٢ و جێژوان لە ٢٠٠٦ بڵاو کردووتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە چەندین گۆرانییشی بە شێوەی تاک بڵاو کردووەتەوە.