فشاری دەروونی یان سترێس چییە؟ هۆکار و چارەسەرەکانی چیین؟

PM:11:28:27/08/2023

22432 جار خوێندراوەتەوە

فشاری دەروونی کاردانەوەیەکی ئاسایی مرۆڤە بۆ رووداوەکانی ژیانی، بە واتایەکی تر، کاتێک رووبەڕووی گۆڕانکارییەک یان دۆخێکی جیاوازی رۆژانە دەبیتەوە، جەستەت کاردانەوەی تەندروستی و دەروونی بۆ ئەم گۆڕانکارییە دەبێت.

هەندێک جار ئەم فشارە سوودی دەبێت، کاتێک وات لێدەکات بۆ ئەو دۆخە جیاوازە ئامادەبیت و شتێکی چاوەڕوان نەکراو نەبێت بۆت، بۆ نموونە لە هەستی تووڕەیی دوورت دەخاتەوە یان کاتێک تاقیکردنەوەیەکت لە بەردەمە فشارەکە وات لێدەکات باشتر خۆت ئامادە بکەیت بۆ تاقیکردنەوەکە، بەپێی ماڵپەڕی "کلیڤلاند کلینیک" فشارە دەروونییەکان کاتێک مەترسیدارن کە بەردەوام بن و نەتوانیت خۆتیان لێ رزگار بکەیت.

کاتێک فشاری دەروونیت هەیە، کۆئەندامی دەمار دەست بەسەر لێدانی دڵ، هەناسەدان و هەندێک ئەندامی تریشدا دەگرێت، هەروەها لەسەر رووخساریش نیشانەی فشارەکەی پێوە دیارە، بەو پێیەی هەندێکجار تووشی دڵەراوکێ و ترست دەکات.

نیشانەکانی فشاری دەروونی لەسەر جەستە بریتیین لە:

١. تووشبوون بە ئێش و ئازار، بەتایبەت سەرئێشە.

٢. ئازاری سنگ، وەک ئەوەی دڵت لە پێشبڕکێدا بێت ئەوەندە خێرا لێ دەدات.

٣. ماندویەتی و کێشەی خەو.

٤. بەرزی پەستانی خوێن.

٥. لاوازی سیستمی بەرگری.

- هەروەها لەلایەنی دەروونیەوە دەکرێت هەندێک جار تووشی دڵەراوکێ، خەمۆکی، دڵتەنگی و هەستی ترست بکات.

بەم رێگەیانە دەتوانرێت رێگە لە فشاری دەروونی درێژخایەن بگریت:

١. لە کاتی هەبوونی فشاری دەروونی، دەتوانیت راهێنانی جەستەیی ئەنجام بدەیت.

٢. دەتوانیت ئەو خواردنانە بخۆیت کە هۆرمۆنی دڵخۆشیت زیاد دەکەن وەک شوکلاتەی تاڵ، پرتەقاڵ، مۆز و شیر.

٣. با هەمیشە سەرنجت لەسەر شتە ئەرێنییەکانی ژیانت بێت و بەو شێوەیەش بمێنەرەوە.

٤. ئەوە قبوڵ بکە کە ناتوانیت دەست بەسەر هەموو دۆخێکی ژیانتدا بگریت، رێگە بدۆزەرەوە بۆ وازهێنان لەم هەستە.

٥. لەگەڵ ئەو کەسانەدا زیاتر بمێنەرەوە، کە هەستی دڵخۆشی و ئارامیت پێ دەبەخشن.

M.B