پایتەختێک لە ئەوروپا رووبەڕووی داگیرکاری مشک و جرجەکان دەبێتەوە

PM:06:47:27/08/2023

12280 جار خوێندراوەتەوە

لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، بەپێی دوایین راگەیەنراوی حکومەت زیاتر لە حەوت ملیۆن مشک و جرج لەو شارەدا بوونی هەیە و لە ئێستادا چەندین تیم خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و هەوڵی کەمکردنەوەیان دەدرێت.

لە بابەتێکی ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبیدا، باس لە هێرشی مشکەکان دەکرێت لە ئەوروپا و بەتایبەت لە پایتەختی ئیتاڵیا، سەبارەت بەمەش لێدوانی سابرینا ئەلفۆنسی بەرپرسی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی ئەو شارە وەرگیراوە و دەڵێت "شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی ئیتاڵیا رێژەیەکی زۆر لە مشک و جرجییان تێدا بووە، ئێمەش چەند رۆژێکە دەستمان بە ئۆپەراسیۆنێک کردووە تاکو بتوانین کەمیان بکەینەوە، لانی کەم لە شوێنە گەشتیارییەکاندا" .

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، چەند گەشتیارێک وێنەی ئەو مشک و جرجانەیان بڵاوکردبوویەوە، ئەمەش بووە جێگەی ناڕەزای و رەخنە لە دەسەڵاتدارانی ئەو شارە و بەشێوەیەکی گاڵتە ئامێزیش باس لەم بابەتە دەکرا.

بەپێی ئامارێک، نزیکەی حەوت ملیۆن مشک و جرج لە رۆمادا بوونیان هەیە، کە ئەمەش دەکاتە دوو هێندەی دانیشتوانی پایتەختی ئیتاڵیا.

چەند ساڵێکە، شاری رۆما بە دەست زۆری زبڵ و خاشاکەوە دەناڵێنێت، لە ئێستادا بە زیادبوونی زۆری رێژەی مشکەکان، ئەو پایتەختە رووبەڕووی قەیرانێکی تر دەبێتەوە، وەک خەڵکەکەی دەیڵێن زۆرجار پاشماوەی زبڵ و خاشاک لەسەر شەقام و کۆڵانەکان دەمێننەوە.



M.B