فاخر هەریری لەبارەی دادگاییەکەی نێوان خۆی و دینا چی دەڵێت؟

PM:09:14:20/08/2023

25468 جار خوێندراوەتەوە

لە دادگاییەکەی نێوان فاخر هەریر و دینای گۆرانیبێژدا کە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، فاخر بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد کرا.

فاخر لە لێدوانێکدا بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند: دادوەر پێی وتووە بەپێی یاسا نابێت ئەو قسانە بکەیت و بەند دەکرێیت، بەڵام لەکۆتایی دادگاییەکەدا بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا نازانێت تاکو کەی بۆ دانیشتنی دووەم دادگایی دەکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەکردووە، پارێزەرەکەی دینا داوای کردووە لەمافی خۆی خۆش دەبێت و پێویست ناکات فاخر داوای لێبوردن بکات، تەنها باسی نەکات، لە وەڵامدا فاخر وتوویەتی "پەشیمان نیم و دەمەوێت داوای لێبوردن لە من و یانەی وەرزشی هەولێر و هاندەرەکانی و خەڵکی کوردستان بکات".

دوابەدوای دادگاییەکە دینای گۆرانیبێژ لە ستۆری هەژماری فەیسبووکەی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی نوسیوویەتی "ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ژنانی کورد هێندە بەهێز بن، نەهێڵن بە هیچ بیانوویەک تۆمەت بۆ سەر کەرامەتیان درێژ بکەن".

ناکۆکی نێوان دینا و فاخر هەریری دوای ئەوەهات، یانەی وەرزشی هەولێر لە یاریی کۆتایی جامی یانەکانی عێراقدا بە یانەی قوە جەوییە دۆڕا، دینای گۆرانیبێژ رایگەیاندبوو کە هاندەری یانەی قوە جەوییەیە و دڵخۆشە بە بردنەوەکەیان، ئەمەش وایکرد فاخر هەریری هونەرمەند لە هەژماری تیکتۆکەکەی هێرشی توند بکاتە سەر ئەو خانمە گۆرانیبێژە، بەو هۆیەوە دینا لە دادگای هەولێر سکاڵای یاسایی لەسەر فاخر هەریری تۆمارکردبوو.
A.L