پسپۆڕێکی خۆراک ئاماژەی بەوەکردووە، بەشێکی بەرچاو لە خانمان کێشەی لاوازی دەم و چاویان ھەیە و ھەمیشە ئەو پرسیارە دووبارە دەکرنەوە چۆن بتوانن دەم و چاویان قەڵەوبکەن یا کام دەرمان گونجاو و بێ زیانە؟ بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە.
کامەران رەسوڵ ژاژڵەی ئەندازیاری خۆراک لەو بارەیەوە نوسیوویەتی، بە گشتی ئەوانە دەم و چاویان لاوازە دەکرێن بە سێ گرووپەوە :
یەکەم: ئەو کەسانەی کێشیان کەمە و لاوازن: ئەم کەسانە لە ڕێگای زیادبوونی کێشەوە دەم و چاویان قەڵەو دەبێت .
دووەم: ئەوانەی کێشیان نۆڕماڵە بەڵام کێشەی لاوازی دەم و چاویان ھەیە:
لە ڕێگەی بەرنامەی خۆراکی و وەرزش و بەکارھێنانی ھەندێک دەرمان و تەواوکەری خۆراکی و ڤیتامینی گرنگ بۆ دەم وچاو، لەگەڵ ھەندێک گیراوەی سروشتیی یان کرێم و مەرھەمی تایبەتەوە چارە دەکرێن .
سێیەم: ئەوانەی کێشان زۆرە یا قەڵەون بەڵام دەم و چاویان لاوازە:
چارەسەری ئەم جۆرە کەسانە لەوانی تر قورسترە، بەڵام بە ھەمان ڕێگاکانی جۆری دووەم چارەسەر دەکرێت لەگەڵ پابەندبوون بەڕێجیمی خۆراکی ھاوسەنگ و دەوڵەمەند بە پڕۆتین و سەوزە .
ئەو پسپۆرە گرنگترین ھۆکارەکانی لاوازی ڕوخساری خستووەتە روو:
یەکەم: لاوازی و کەمی کێش و بەد خۆراکی .
دووەم: ھۆکاری بۆماوەیی .
سێیەم: چوونە تەمەنەوە .
چوارەم: کەمی کۆلاجین و کەمی ڤیتامین و کانزاکان و وشکبوونەوەی جەستە لە ئەنجامی کەم ئاو خواردنەوە .
پێنجەم: سترێس و دڵەڕاوکێی بەردەوام و خەمۆکی .
شەشەم: شەونخوونی و کەمخەویی .
حەوتەم: ئالوودەبوون بە خواردنەوە کھولیەکان و ماددە ھۆشبەرەکان .
ھەشتەم: جگەرە کێشان و نێرگەلە کێشان .
نۆیەم: زۆر خواردنی شیرینی و چپس و خواردنی قوتوو و سیستمی خۆراکی ناتەندروست .
کامەران رەسوڵ ژاژڵەی سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەم گرفتە ئاماژەی بە دوو ڕێنمایی کردووە:
یەکەم: چارەسەرکردنی ھەر کێشەیەکی تەندروستیی سەرەتا بە دەستنیشانی ھۆکارەکەی دەست پێ دەکات لەگەڵ گرنگیدان بە نەھێشتنی ئەگەر بتوانرێت، چارەسەرکردنی ھەر جۆرێک لەو جۆرانەی سەرەوە ئاماژەیان پێ دراوە کە بە پێی کێش و تەمەن و باری تەندروستی گشتی ئەو کەسە دەگۆڕێت .
دووەم: پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکی تەندروست و وەرزشکردن.
ئ.ل