ئایا قەلەقی و فشاری دەروونی دەبنە هۆی قەڵەوی یان لاوازی کێشی جەستە؟

PM:08:04:02/08/2023

9324 جار خوێندراوەتەوە

قەلەقی، دڵەڕاوکێ و سترێسی بەردەوام کاریگەری زۆری هەیە لە سەر کێشی جەستەی مرۆڤ، بەڵام لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت بە گوێرەی ئارەزووی خواردن، پێکهاتەی جەستە، کێش، باڵای مرۆڤەکە و هۆکاری بۆماوەیی.

وەک پسپۆڕی بواری خۆراک دکتۆر کامەران ژاژڵەیی ئاماژەی پێ دەدات، بە روونی فشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ دەبنە هۆی دابەزینی کێشی جەستە و لاوازی لەو کەسانەی کێشیان کەمە بەڵام دەبێتە هۆی زیاد بوونی کێش لەو کەسانەی کۆمەڵێک کێشەی تێکچوونی خۆراکیان هەیە، هەندێکجار بۆ کەمکردنەوەی قەلەقی پەنا دەبەنە بەر خواردن.

لەکاتی دڵەڕاوکێ و فشار یەکەم جار هۆرمۆنی ئەدریناڵین دەڕێژرێت کە دەبێتە بەرز بوونەوەی ئاستی ئەنسۆلین و لێدانی زیاتری دڵ، دوای دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئەدرینالین ، هۆرمۆنی کۆرتێزوڵ دەرێژرێت کە هانی زۆرتر بەرزبوونەوەی ئاستی ئەنسۆلین دەدات کە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی شەکرە لە خوێن و حەزێکی زۆر بۆ خواردنی شیرینی، لە هەمان کاتدا کەمکردنەوەی رێژەی سووتانی چەوری لەشدا بۆیە دەبێتە هۆی زۆری کێش و قەڵەوی لەو کەسانەی ئارەزووی خواردنیان زۆرە یان کێشەی زۆر خۆریان هەیە.

بەڵام لە کەسانی لاوازدا بەرزی ئەدرینالین دەبێتە هۆی بەزەحمەت قووتدانی خواردن و گرژبوونی ماسولکەکانی گەددە و دڵ تێکهەڵ هاتن، هەروەها تێکچوونی رێرەوێکی گرنگ لە جەستە کە بەرپرسیارە لە رێژە و کارکردنی کۆمەڵێک هۆرمۆنی گرنگ.

کۆتا خاڵ کۆمەڵێک کە تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت تاقەتی خواردنی نیە بەشێکی بەرچاویش کە قەلەق دەبن زیاتر دەخۆن ،شێوازی چارەسەرکردنی تایبەت بە کێشی مرۆڤ لە کاتی فشار و قەلەقی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و هەر یەکەیان پێویستی بە بەرنامەی خواردنی تایبەت بە خۆی هەیە لەگەڵ گۆڕینی شێوازی ژیان و کاتی نووستن و هتد ...