هۆکاری دروستبوونی پەڵەی پێست وچارەسەرەکەی

PM:12:37:29/07/2023

15900 جار خوێندراوەتەوە

لە بەرنامەی 'بەیانیت باش کوردستان'ی ئێن ئاڕ تیدا، دکتۆر بڕیار تەیب پسپۆری نەخۆشیەکانی پێست و جوانکاری وەڵامی چەند پرسیارێک سەبارەت بە نەخۆشییەکانی پێست دایەوە و دەڵێت، "پلەکانی گەرما کاریگەرییان لەسەر پیربوونی پێست هەیە."

پسپۆڕەکە باسی لەوەشکردووە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، تیشکی سەروو بنەوشەیی زیاتر لە زەوی دەدات کە ئەمەش هۆکارە بۆ پیربوونی پێست و تێكچوون و دروستبوونی پەڵەی پێست هەروەها کەمبوونەوەی کۆلاجینی پێست و شکاندنی پێست، ئەمەش بە پێی جۆری پێستەکە دەگۆڕێت ئەگەر گەنم رەگ بێت ئەوا دەبێتە هۆی پەڵە بەڵام سپی پێست بێت ئەوا پێستەکەی دەسووتێنێت.

هۆکاری دروستبوونی پەڵەی پێستت چییە؟

پێکهاتەی خانەکانی پێست دوو جۆرە ( خانە کراتینەکان ، رەنگە خانەکان)

ماددەی میلانین لە پێستدا وەک دژە خۆرێکی خوایی وایە چونکە ئەم ماددەیە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی تیشکە زیان بەخشەکان و پارێزگاریکردن لە پێست، بۆیە کاتێک گەرما لێمان دەدات رەنگە خانەکان ماددەی میلانین زۆر دەردەکەن و دەچنە تەنیشت یەک و بەربەستێک دروست دەکەن ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵە بەڵام ئەم جۆرەیان کاتییە پێ دەڵێن تاینی کاتی دوای دوو هەفتە نامێنێت.

کۆمەڵێک هۆکاری کەش هەن وەک

١. بەرکەوتنی زۆری تیشکی خۆر.

٢. دوای منداڵبوون بەهۆی تێکچوونی هۆڕمۆنەکانەوە.

٣. بەکار‌هێنانی هەندێک دەرمان وەک ( پەرکەم ، دژە سکپڕی)

٤. زۆر دەستکاری کردنی پێست.

چۆن چارەسەری پڵەی پێست بکەیەن؟

١. بەکارهێنانی کریمی دژە خۆر بۆ پیاوان و خانمان بە تایبەت ئەوانەی زۆر دەچنە بەر خۆر.

٢. بەکارهێنانی بەربەستە فیزیاییەکان وەک ( چەتر، چاویلکە ، کڵاو)

٣. خواردنی بەردەوامی سەوزە و میوەکان.

٤. خواردنەوەی بڕێکی باشی ئاو.

٥. دوورکەوتنەوە لە جگەرە کێشان.

٦. دوورکەوتنەوە لە خواردنی شیرینی.

٧. باشتر کردنی لایەنی دەروونی.