هۆکارەکانی ئازاری شان و مل چین؟

PM:07:05:17/07/2023

38684 جار خوێندراوەتەوە

بەدڵنییایەوە هەستان لەخەو لەگەڵ ئازاری شان و ملدا زۆر بێزاركەرەو ئەو ڕێگایە نییە كەتۆ بتەوێت ڕۆژەكەتی پێ دەستپێبكەیت، بەئاسانی مەزاجت تێكدەدات و وادەكات بە سادەترین جووڵە، وەكو سوڕانی سەرو مل ئازارت بۆ دروست بێت.

پزیشک هەڤین كەمال شاه موحەمەد پسپۆڕ لە زانستی ئازارو بەنج هۆكارەكانی ئازاری مل لە كاتی هەستان لەخەودا روون دەکاتەوە.

لەوانەیە زۆر بیرت لە شێوازی جەستەت نەكردبێتەوە لەكاتی خەوتندا، یاخود ئەو سەرین (بالیفە)ـی بەكاریدەهێنیت، بەڵام ئەم دووانە دوو هۆكاری گرنگن بۆ دروستبوونی مل ئێشە، هەروەها دەبنە هۆی پشت ئێشەو ئازاری جۆراوجۆری تریش. توێژینەوەكان دەڵێن:

تێكچوون و كێشەی خەو بە رێژەی (5%) سەرچاوەی ئازاری بەردەوامن، زۆربەی ئەم هۆكارانە دەتوانن كۆنتڕۆڵ بكرێن، هەربۆیە گۆڕینی هەندێك خووی خەوتن یاریدەدەرن بۆ كۆنتڕۆڵی ئازاری شان و مل.هۆكارەكان:

١. شێوازی خەوتن:خەوتن لەسەردەم هۆكارێكی گرنگە بۆ ئازاری مل، ملت لەوانەیە بە یەك لادا بكەوێت بۆ چەند كاتژمێرێك، كاریگەری هەیە لەسەر ماسولكەكانی مل و گرژبوونیان، هەروەها كاریگەری خراپیشی هەیە لەسەر ماسولكەكانی پشت.

٢. بالیف یاخود سەرین:هەڵبژاردنی بالیفی تەندروست كە بۆ شان و ملی تۆ گونجاو بێت زۆر گرنگە، ئەو بالیفەی هاوسەنگیەكی باش بۆ شان و ملت دروست نەكات، ئەگەری دروستكردنی فشاری هەیە لەسەر ماسولكەكانی ملت و دروستكردنی مل ئێشە.

٣. جووڵەی لەپڕ:وەكو هەستانە سەر پێی لەپڕ یاخود لەكاتی خەودا جوڵاندنی لەپڕی قۆڵەكان، ئەگەری دروستبوونی مل ئێشە زیاد دەكەن.

٤. پێكانی پێشووتر:وەكو (فشار بۆ سەر ماسولكەی مل لەكاتی ڕووداوێكدا)، یاخود پێكانە وەرزشییەكان، لەدوای چەند رۆژێك لە پێكانەكە لەوانەیە هەست بە ئازار بكرێت.٥. هەندێك هۆكاری تر: وەك شێوازی هەڵەی وەستان لە رۆژدا، كاركردن بۆ ماوەیەكی زۆر لەسەر كۆمپیوتەر و بەكارهێنانی زۆری مۆبایل، داخورانی جومگەكانی مل، خزانی دیسكی مل، هەندێك حاڵەتی نەخۆشی وەكو ڕۆماتیزم. چۆن لە ئازاری مل ئێشە خۆت ڕزگار دەكەیت ؟

١ .ئەگەر لەسەردەم (لەسەر سك) دەخەویت، هەوڵ بدە لەسەرلا بخەویت و بالیفێك بخەیتە نێوان ئەژنۆكانت (بەشێوەی منداڵ لەسكی دایكیدا)، دڵنیابەرەوە لەوەی بالیفەكە لەژێر سەرتدا بەرزتر نیە وەك لەژێر ملت، هەوڵبدە بالیفی پەڕ بەكاربێنیت كە بەئاسانی شێوەی سەرو ملت وەردەگرێت. بەڵام لەبەرئەوەی بالیفی پەڕ زوو تێكدەچێت، باشترە ساڵی جارێك بگۆڕێت و بالیفێكی نوێ بەكاربهێنرێت، بالیفێكیش بەكارمەهێنە كە زۆر ڕەق بێت یان زۆر نەرم، بەڵكو با مامناوەند بێت.

٢. ئەگەر دۆشەكەكەت لەناوەڕاستدا چاڵ بوو، هەوڵبدە بە زووترین كات بیگۆڕیت، دۆشەكێك بەكاربهێنە نە ڕەق بێت نە زۆر نەرم، کە بتوانێت پاڵپشتی ماسولكەكانی پشت و ملت بكات.

٣. هەوڵبدە بە رۆژ شێوازی وەستان و دانیشتنت تەندروست و راست بێت.

٤. كاتێك مۆبایل بەكاردێنیت هەوڵبدە لە ئاستی چاوتدا رایبگریت، بۆ ئەوەی رێگری لە نوشتانەوەی ملت بگریت، مۆبایلەكەشت لەنێوان شان و گوێتدا هەڵمەگرە كاتی قسەكردن.

٥.. وەرزش بكە بەشێوەیەكی رۆژانەو رێك، وەرزشی رۆژانە یارمەتی بەهێزكردنی ماسولكەكان دەدات، ئەگەر بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت.

٦. ئەگەر ئازارت بۆ پەیدا بوو، دەتوانیت پاكی سارد بەكاربێنیت، ئەگەر زیاد لەچەند ڕۆژێكی خایاند بیكە بە پاكی گەرم بۆ ماوەی بیست خولەك لەسەر شوێنی ئازارەكە.

٧. دەتوانیت هەندێك وەرزشی سادە ئەنجامبدەیت وەكو، ڕۆشتن بەپێ، یۆگا، وەرزش لەناو ئاودا... هتد، ئەمانە یارمەتی هاتوچۆی خوێن دەدەن لەناوچەكە، ئازارو گرژی كەمدەكەنەوە، هیچ كاتێك لە جووڵە مەوەستە، وەستان لە جووڵە گرژی و ئازار زیاد دەكات.

٨.. بەكارهێنانی ئازارشكێن و ماسولكە خاوكەرەوەكان.

٩. ئەگەر ئەمانە سوودی نەبوو، پێویستە ڕای پزیشكی پسپۆڕ وەربگیرێت. ئەو پزیشکە هۆشداریداوە و دەڵێت، مرۆڤ (١⁄٣) ی ژیانی لەخەودا بەسەردەبات، بۆیە زۆر گرنگە جێگای خەوتنت لەبارو تەندروست بێت