دوێنێ شەممە، سەنا بەرزنجی خانمە هونەرمەند لە شاری سلێمانی کۆنسێرتێکی ئەنجامدا و کۆنسێرتی دووەمیشی هەڵوەشاندەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، کۆنسێرتی دووەمی بەهۆی کەمی ئامادەبوانەوە هەڵوەشاندووەتەوە و سەنا بەرزنجی کاتێک بینیویەتی ژمارەی ئامادەبوان بە شێوەیەکی بەرچاو نەبووە نەیتوانیوە کۆنسێرتی دووەمی ئەنجامبدات.
ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە ماوەی رابردوودا ئەو گۆرانیبێژە لەگەڵ ئارین مەسرور بارزانی کوڕی سەرۆکی حکومەتی کاربەرێکەری هەرێمدا دەرکەوت و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوبووەوە کە بووەتە خاوەنی کۆمپانیاکی بواری کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو وتیشی، "ئەو کۆمپانیایە هیچ نییە و شتی زیاترم هەیە."
دواتریش بەشێک لە هەوادارانی سەنا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان رەخنەیان لە دەرکەوتنی گرت لەگەڵ کوڕی مەسرور بارزانی.
چاوگێکی نزیکیش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو کۆمپانیایەی سەنا دایمەزراندووە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرت و کاری هونەرییە و لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی خاوەندارێتی دەکات سەناش لە ئیستاگرامی فەرمی خۆی باسی لەوەکردووە، کۆمپانیاکەی ناوی 'ئێس پی بی' ـە و بۆ بەرهەمهێنانی هونەرییە.
ئێن ئاڕ تی پەیوەندی بە خانمە هونەرمەند سەنا بەرزنجییەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو لەوبارەیەوە هیچ روونکردنەوەیەک بدات.