مەرجەکانی قوربانیکردن چین؟

PM:08:52:27/06/2023

2928 جار خوێندراوەتەوە

سبەی یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە و یەکێک لە سوننەتەکانی ئەم جەژنە قوربانیکردنە و چەند مەرجێکی تایبەت بە خۆی هەیە.
سبەی چوارشەممە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە و مسوڵمانان لە سەرانسەری جیهان ئاژەڵ دەکەن بە قوربانی، هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەشی زۆری دانیشتووانەکەی موسوڵمانن و خەڵکێکی زۆر لە جەژندا قوربانی ئەنجامدەدەن
.

بەپێی سونەتی ئاینی ئیسلامیش ئەو قوربانیکردنە چەند مەرجێکی هەیە وەک:

١-ئەوەی نیەتی قوربانیکردنی هەیە لە سەرەتای مانگی زیل حەجەوە تاوەکو ئەوکاتەی قوربانیەکەی دەکات نابێت موو لە خۆی بکاتەوە و نینۆکی بکات، کە ئەم کارە تایبەتە بە سەرۆکخێزان بۆ خێزان و منداڵەکانی دروستە موو و نینۆکیان بکەن.

٢-نیەتی قوربانی لە دڵدایە و دەبێت مەبەست لە قوربانیەکە تەنها رەزامەندی خودا بێت و لەکاتی سەربرینی ئاژەڵەکەدا ناوی خودا بهێندرێت.

٣-ئەو ئاژەڵانەی بۆ قوربانی دەبن بریتین لە وشتر، مانگا، مەڕ و بزن، کە وشتر دەبێت پێنج ساڵی تەواو کردبێت و مانگا دوو ساڵ، بزن یەک ساڵ و مەڕیش شەش مانگی تەواو کردبێت.

٤-ئەو ئاژەڵەی دەکرێت بە قوربانی نابێت شەل و کوێر و نەخۆش و پیر و لاواز بێت.

٥-کاتی قوربانیکردن لە دوای نوێژی جەژنەوە دەستپێدەکات هەتا کاتی خۆرئاوابوونی چوارەم رۆژی جەژن و بەڕای زانیان قوربانیکردن بە رۆژ باشترە، بەڵام بە شەویش دروستە.

٦-مەڕێک یان بزنێک بۆ سەرۆکخێزان و ماڵ و منداڵەکەی دەبێت، وشتر یان مانگا بۆ حەوت سەرۆکخێزان و ماڵ و منداڵەکەیان دەبێت.

٧-دروستە گۆشتی قوربانیەکە بکەی بەسێ بەش لەم سێ بەشە بەشێکی بۆ خۆت و ماڵ و منداڵت هەڵی بگری و بیخۆی و بەشێکی بکەی بەدیاری بۆ خزم و دۆستەکانت کە ئەم دیاریە کەسانی دەوڵەمەندیش دەگرێتەوە و دروستە، بەشی سێیەمیش بدەیت بە هەژاران.

٨-دروست نییە هیچ لە قوربانیەکە بدرێت بەو کەسەی ئاژەڵەکە سەردەبڕێت بەرامبەر بە مافی سەربڕینی ئاژەڵەکە، بەڵکو دەبێت پارەی بەجیا پێ بدرێت، بەڵام دروستە گۆشتی ئاژەڵەکەی وەکو خێر یان دیاری پێی بدرێت.

٩-قوربانی بەتایبەت بۆ مردوو ناکرێت ئەگەر وەسێتی نەکردبێت.

١٠-ئەو کەسەی بووەتە وەکیلی کەسێکی تر بۆ قوربانیکردن تەنها خاوەن قوربانیەکە نابێت موو نینۆکی لە خۆی بکاتەوە، بەڵام بۆ وەکیلەکە دروستە.