چاوگێکی ئاگادار بە دیجیتاڵ
میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە گوندی مێرگەسەری ناحیەی بێتواتەی قەزای رانیە ژنێک
چووەتە داوای هاوڕێکەی خۆی بۆ هاوسەرەکەی و ژنی دووەمی بۆ هێناوە و بە هاوسەرەکەشی
وتووە، "لەپێناو خودا ژنم بۆ هێناوی لێم قبوڵ بکە و دڵم مەشکێنە."
پاش ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
بڵاوبووەوە کە ژنێک چووەتە داوای ژنی دووەم بۆ هاوسەرەکەی، چاوگێکی ئاگادار بە ئێن
ئاڕ تی راگەیاند، ئەو ژنە بە ویستی خۆی و بەبێ ئاگاداری هاوسەرەکەی چووەتە داوای
ژنی دووەم و هاوڕێی خۆشی بووە.
باسی لەوەشکرد، ژنی یەکەم
و دووەم پێش ئەوەی پیاوەکە بزانێت هەموو شتێکیان رێکخستووە، دواتر ژنی یەکەم بە
هاوسەکەی وتووە کە ژنی بۆ هێناوە و ئەویش قبوڵی کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، خێزانی ژنی دووەم داوایان
لە پیاوەکە کردووە لە کچەکەیان جیاببێتەوە.
وتیشی، زاوا فەرمانبەرە و
خاوەنی چوار منداڵە لە هاوسەری یەکەمی و هیچ کێشەیەکیان نەبووە و ئێستاش هەوڵدەدات
دڵی خیزانی ژنی دووەم رازی بکات و لە هاوسەرەکەی جیانەبێتەوە.