مینا دریس گۆرانیبێژی ئێرانی لە ئەمریکا سەرقاڵی کاری نوێیە

PM:05:58:27/04/2023

1788 جار خوێندراوەتەوە

مینا دریس یەکێکە لە هونەرمەندە دیارەکانی ئێران، لە دوای راپەڕینی "ژن- ژیان- ئازادی" وڵاتەکەی بەجێهێشتووە و لە ئەمریکا دەژی، لەو وڵاتەش درێژە بە کاروچالاکییە هونەرییەکانی دەدات.

مینا زیاتر بە زمانی عەرەبی گۆرانی دەڵێت، لە ئێستادا لە ئەمریکدا دەژی و بەشداریی لە پرۆژەیەک کردووە کە باس لە زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی سیاسی ئێران دەکات، لە ئەمریکا لە زانکۆی بۆستن بۆ یەکەمینجار لەگەڵ (witness Mattlu) و پەیام یوسف لەسەر شانۆ گۆرانی وتووە، لە ئێستاشدا لەگەڵ ئیحسان مەتوری و مەلیحە مورادی پرۆژەیەکیان دەستپێکردوە بە ناوی (Voices Unveiled ) کە چیرۆکی ئاڵۆزی ژیانی دوو ژن دەگێڕێتەوە.

ئەو خانمە هونەرمەندە ساڵی رابردوو پێش ئەوەی وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت، لە ٢٥ فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە سلێمانی بەشداریی کردووە، مینا رایگەیاندووە، کارکردنی ژن لە ئێران بەربەست و ئاستەنگی زۆرە، هەروەک وتوویەتی " لە ئێران جگە لەوەی لەلایەن دەوڵەتەوە رێگری لە ژنان و کچانی هونەرمەند دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان لە کۆمەڵگەی باشوری ئێراندا لەژێر فشاری نەریتی تونددان، هیوادارم نەوەی نوێی ئێران و باشوری وڵات ئەم نەریتانە بشکێنن و بە ئازادی کار بکەن."

مینا دریس گۆرانیبێژێکی عەرەبی ئێرانییە و لە ساڵی ١٩٨١ لەدایکبووە، کۆلێژی ئەندازیاری تەواوکردووە، لە ماوەی ١٥ ساڵدا کاریگەریی موزیک و گۆرانی عەرەبی لەسەر بووە بەتایبەت هونەرمەندان ئوم کەلسوم و فەیروز، دوای تەواوکردنی زانکۆ دەستی بەخوێندن و فێربوونی موزیکی کلاسیکی فارسی کردووە.

ئەو هونەرمەندە بە هاوڕێیەتی چەند گروپێکی موزیکی، بەشداریی لە چەندین کۆنسێرت و فێستیڤاڵ لە ئێران و قەتەر، تورکیا، هەرێمی کوردستان، عێراق، ئیتاڵیا، ئەڵمانیان و فەرەنسادا کردووە.