هۆکارەکانی هەستکردن بە خەواڵووی لە دوای بەربانگ و خواردنی نانی ئێوارە

PM:06:14:26/03/2023

5952 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە رۆژووەوان لە دوای بەربانگ کردنەوە و خواردنی نانی ئێوارە لە مانگی رەمەزاندا، هەست بە خەواڵووی دەکەن و ئارەزوو دەکەن پاڵبکەون و بخەون، بەبێ ئەوەی هەستبکەن ئەم کارە زیان بە تەندروستییان دەگەیەنێت.

ماڵپەڕی سەیدەتی ئیماراتی لە بابەتێکی تەندروستیدا، هۆکارەکانی هەستکردن بە خەواڵووی لە دوای بەربانگ بەمجۆرە خستووەتە ڕوو:

یەکەم: بڕێکی زۆر لەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە کاربۆهیدرات و پڕۆتین بخورێن،هەستی شەکەتی و خواڵووی زیاد دەکەن.

دووەم: زۆر خواردنی شیرینی و خواردنە قورسەکان لە ئێواراندا.

سێیەم: شەونخونی و نەخەوتن تاکو پارشێو.

ماڵپەڕەکە کۆمەڵێک رێنمایی ئاشکراکردووە کە هەستی خەواڵووی لە دوای بەربانگ و خواردنی نانی ئێوارە ناهێڵێت، ئەوانیش:

یەکەم: ژەمی بەربانگ بکرێت بە دوو بەشەوە بۆ ئەوەی یارمەتی کرداری هەرس بدات بە باشی خواردنەکان هەرس بکات، سەرەتا دەنکێک خورما و پەرداخێک ئاو بخۆرەوە، دواتر شۆربا و زەڵاتە، لە خواردن بوەستە و دەست بکە بە نوێژکردن لە دوای ١٥ خولەک خواردنی سەرەکی بخۆ.

دووەم: لە نانی ئێوارەدا سەوزە بوونی هەبێت هەستی تێریی زیاد دەکات و کرداری هەرس باش دەکات.

سێیەم: ناوبەناو ئاو بخورێتەوە، بۆ ئەوەی جەستە وشک نەبێتەوە.

چوارەم: تا ئەو ئاستەی دەتوانیت خۆت لە خواردنی شەکر و نان و شیرینی بەدوربگرە.

پێنجەم: ئەوەی لە هەمووی گرنگترە لە دوای خواردنی نانی ئێوارە نەخەویت بۆ ئەوەی هەستی خەواڵوویت زیاتر نەبێت.

شەشەم: نیو کاتژمێر دوای خواردنی نانی ئێوارە، چا و قاوە بخۆرەوە.