چەند ئامۆژگارییەک بۆ نەخۆشانی شەکرە لە مانگی رەمەزاندا

AM:08:55:25/03/2023

12912 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە نەخۆشانی شەکرە لەکاتی بەڕۆژووبووندا بە بەردەوامی چاودێری ئاستی شەکری خوێنیان بکەن، چونکە مەترسی دابەزین یان بەرزبوونەوەی شەکری خوێنیان لەسەرە.

بەپێی بابەتێکی تەندروستی ماڵپەڕی سکای نیو عەرەبی، زۆرێک لە کاتی رۆژووشکاندن یان پارشێودا خۆراکی چەور و سوورەکراو زۆر دەخۆن، ئەمەش ڕەنگە ئاستی شەکر لە خوێندا بەرز بکاتەوە و مەترسییەکانی وەک چەوری جگەر و قەڵەوی و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن دروست بکات.

ئەو پسپۆڕانە ئاماژەیان بەوە کردووە،" خەوتنی پێویست و بەخەبەرهاتنەوە بەلایەنی کەمەوە کاتژمێرێک پێش کاتی خواردنی پارشێو گرنگە و دەبێت ئاوی پێویست بخورێتەوە، چونکە وشکبوونەوەی جەستە مەترسییەکی باوە کە رووبەڕووی نەخۆشانی شەکرە دەبێتەوە .

شارەزایان ئامۆژگاری نەخۆشانی شەکرە دەکەن بە دوورکەوتنەوە لەو خواردنەوانەی کە کافاینیان تێدایە وەکو قاوە و چا، چونکە ئەم مادەیە بەشدارە لە لەدەستدانی کانزا و خوێیەکانی جەستە".

ئەوان دەشڵێن، کەوچکێک ماست دوای ژەمی پارشێو دەتوانێت سەرسوڕهێنەر بێت بۆ تەندروستی، بەو پێیەی نەک تەنها گەدە ئارام دەکاتەوە، بەڵکو رێگری بەرزبوونەوەی ترشەڵۆکەکەی دەکات، هەروەها لە وشکبوونەوە دەپارێزێت بە درێژایی رۆژ، جەختیان لەسەر پێویستی خواردنەوەیەک کرد لە بەربانگدا کە شەکری تێدا نەبێت.

هەروەها پسپۆڕان ئامۆژگاری نەخۆشانی شەکرە دەکەن بە خواردنی سەوزەی گەڵادار، میوەی وشک، میوەی تازە، گۆشتی بێ چەوری، مریشکی بێ پێست، ماسی، دوورکەوتنەوە لە خوێ، خواردنی شیرین و کەمکردنەوەی بەهارات".

ر.ئ