پێپا کارەکەتەرێکی دروستکراوی کارتۆنییە و فیلمکارتۆنەکەی تایبەتە بە
منداڵانی تەمەن سەرو سێ ساڵ و تیایدا پێپا بەشداری لە چەندین چالاکی پڕ لەزەتدا دەکات
هەر جارە و شتێکی نوێ فێر دەبێت.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "لاد بایبڵ"، پەخشی فیلم کارتۆنی پێپای
بەراز لە وڵاتی چین قەدەغە کراوە بەهۆی ئەوەی هانی کاری چەتەیی دەدات، ئەم
بیرۆکەیەش لەوەوە وەرگیراوە کە کارەکتەری پێپای بەراز لەگەڵ کەلتورێکی دروستکراوی
بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتدا بەناوبانگ بووە کە ناسراوە بە گروپی 'shehuiren' یان 'society people، ئەم گروپەش
والێکدەدرێنەوە کە کارەکانیان دژی دامەزراوە حکومیەکانە و رەفتارەکانیان
چەتەگەراییانەیە، بۆیە لە ئەنجامدا پەخشی فیلمکارتۆنەکە قەدەغەکراوە.
لەلایەکی ترەوە لە یەکێک لە ئەڵقەکانی زنجیرەکەدا کە ساڵی ٢٠٠٤ بۆ یەکەمجار
پەخشکرا، پێپا دەڵێت "جاڵجاڵۆکەکان ناتوانن ئازارت بدەن." بەهۆی ئەم
قسەیەوە لە ساڵی ٢٠١٢ پەخشی ئەو ئەڵقەیە لە ئوستورالیا قەدەغە کرا، چونکە لەو
وڵاتە چەندین جۆری جاڵجاڵۆکە هەن کە دەتوانن ئازار بە مرۆڤ بگەیەنن، بۆیە پەخشی
ئەو ئەڵقەیە قەدەغە کرا.