دوای پەخشکردنی بەشی یەکەمی
وەرزی نوێی درامای تاڵانی پارە کە لە چەند زنجیرەیەک پێکهاتبوو، بەشێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی
دراماکە لە گرتە ڤیدیۆییەکدا پەیامێکیان بڵاوکردەوە.
چەناڵی فەرمی نێتفلێکس
ئیندیا لە یوتیوب گرتە ڤیدیۆیەکی ئەکتەرانی درامای تاڵانی پارەیان بڵاوکردەوە کە پەیامێکی
بۆ هەوادارانی دراماکە لەخۆگرتبوو.
لە گرتە ڤیدیۆکەدا ئەکتەرەکان
هەریەکە و بەشێکی پەیامەکە دەڵێت، پەیامەکەش بەم جۆرەیە "ئەمە بزانن هەی ... ئەمە
بابەتێکی زۆر جدییە، ئەمە پەیامێکە بۆ ئەو کەسانەی کە روداوەکانی دراماکە بەو کەسانە
دەڵێن کە هێشتا تەماشایان نەکردوە، ئەگەر کۆتا وەرزت لە یەک رۆژدا تەماشا کردوە، هیچ
شتێک ئاشکرا مەکە، تکایە، خەڵک هەیە کە هەمووی بەدوای یەکدا تەماشا ناکات، هیچ شتێک
ئاشکرا مەکەن تکایە، نا بۆ ئاشکراکردن، چەندی تێدەچێت؟ یەک هەفتە و مانگێک دەمت داخە،
سوپاست دەکەین."
جێی باسە درامای تاڵانی پارە درامایەکی ئیسپانییە و تا ئێستا چوار وەرزی تەواوی
لێ پەخشکراوە و ڕۆژی سێی ئەم مانگە پێنج ئەڵقەی وەرزی پێنجەمی دراماکە بڵاوکرایەوە
و دراماکە بینەرێکی زۆری هەیە لە سەرتاسەری جیهان هەربۆیە کەناڵی NRT2 بە دۆبلاژی کوردی لەسبەی شەوەوە دراماکە دەگوازێتەوە
بۆ بینەران
هاوکات پێنج ئەڵقەی دووهەمی
وەرزی پێنجەم بڕیاروایە لە سێی مانگی کانونی یەکەمدا بڵاوبکرێتەوە.
چیرۆکی دراماکە خۆی لەوەدا
دەبینێتەوە کە پیاوێکی ئاڵۆز ناسراوە بە پرۆفیسۆر دەست دەکات بە خۆ ئامادەکردن بۆ گەورەترین
تاڵانی و دزی کە ئەنجامدرابێت، ئەو تاڵانییەش دەگەڕێتەوە بۆ خەونێکی باوکی کە نەیتوانیبوو
بەجێی بهێنێت بەهۆی ئەوەی لە کردەیەکی دزیدا گیانی لەدەست دابوو، هەر بۆ ئەو مەبەستەش
کۆمەڵێک کەس کۆدەکاتەوە کە بەشێکی زۆریان پێشینەی تاوانکارییان هەیە و پاشان ڕاهێنان
و مەشقیان پێ دەکات و لەبارەی وردەکارییەکانەوە پێیان دەڵێت، بە جۆرێک بەرنامە بۆ دارێژراوانە
کار دەکات کە تەنانەت ئەو کەسانەی کاری لەگەڵ دەکەن ناوی یەکتری نازانن و لە جێگەی
ئەوە ناوی شارەکان بەکاردەهێنن بۆ بانگکردنی یەکتری.