ئەو ڤیتامینانەی پێویستە ژنانی دووگیان بیخۆن

AM:09:12:24/02/2023

1984 جار خوێندراوەتەوە

ژنانی دووگیان لەماوەی سكپڕیدا پێویستیان بە چاودێری و سیستمی خۆراكی تەندروست هەیە، بۆ ئەوەی سەرجەم ڕەگەزە خۆراكیە بنەڕەتییەكانیان دەست بكەوێت بۆ زامنكردنی سەلامەتی و تەندروستی خۆیان و كۆرپەلەكەیان.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی لە پەڕەی فەرمی خۆیان لەفەیسبووک رایدەگەیەنن، جگە لەسیستمی خۆراكی تەندروست و هاوسەنگ، پزیشكەكان دەڵێن هەندێك ڤیتامین بۆ ژنانی  دووگیان زۆر پێویستە ئەوانیش :
فولیك ئەسید: 
رۆڵی گرنگی هەیە لەدروستبوونی ترشەڵۆكی ناوەكی و بەرهەمهێنانی خڕۆكەی سوری خوێن لەگەڵ گەشەكردنی كۆرپەلە لەماوەی سكپڕیدا.
ئاسن :
ژنانی دووگیان پێویستیان پێیەتی بەهۆی ئەوەی كانزایەكی گرنگە بۆ گواستنەوەی ئۆكسجین بۆ كۆرپەلە و گرنگی هەیە لەگەشەكردنی كۆرپەلە و وێڵاش، كەمی ئاسن لەماوەی سكپڕی دەبێتە هۆی دروستبوونی كۆمەڵێك كێشە.
مەگنیسیۆم :
ئەم كانزایە بەشدارە لەكارلێكە كیمیاییەكانی جەستە و رۆڵی گرنگی هەیە لەپتەوكردنی بەرگری و ماسولكەكان.
ڤیتامین دی:
رۆڵی هەیە لەپتەوكردنی هەڵمژینی كالیسیۆم و رێگری دەكات لەوەی كاریگەری لەسەر ئێسكی دایك دروست بێت بەهۆی دووگیانبوون و گەشەكردنی كۆرپەلە، سەلامەتی تەندروستی ددان و نینۆك و قژی ژنی دووگیان دەپارێزێت لە گرفتی تەندروستیی.
ڤیتامین بی ١٢ : 
هاوسەنگی جەستە رادەگرێت و تاڕادەیەك هەستكردن بە هیلاكی لەقۆناغی سەرەتا و كۆتایی سكپڕی كەمدەكاتەوە، دەبێتە هۆی باشتركردنی باری دەروونی ژنی دووگیان و سەلامەتی كاری مێشكی كۆرپەلە باش دەكات.
ئۆمێگا سێ:
 ئەم ماددەیە گرنگە بۆ پێشكەوتنی مێشكی كۆرپەلە و مەترسی توشبوونی ژنی دووگیان بەخەمۆكی كەمدەكاتەوە.
ڤیتامین سی :
لێپرسراوە لەبەرەنگاربوونەوەی كەم خوێنی كە تووشی ژنی دووگیان دەبێت و یارمەتیدەرە لەهەڵمژینی ئاسن و زیادبوونی رێژەی هیمۆگڵۆبین و خرۆكە سوورەكان، دەبێتە هۆی پتەوبوونی كۆئەندامی بەرگری و چالاكی جەستە.
ئ.ل