تارا رەسوڵ و عەتا قەرەداغی گۆرانییەکی عەلی مەردان دەڵێنەوە

PM:02:36:22/02/2023

2340 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندانی گۆرانیبێژ تارا رەسوڵ و عەتا قەرەداغی یەکێک لەگۆرانییە بەناوبانگەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو عەلی مەردان بەشێوەی دوێت دەڵێنەوە.

تارا رەسوڵ لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاندووە، لەگەڵ هونەرمەند عەتا قەرەداغی بەیەکەوە سەرقاڵی وتنەوەی گۆرانییەکی هونەرمەندی کۆچکردوو عەلی مەردانن، زۆربەی کارەکانی ئەم ئیشەیان تەواو بووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا پێشکەشی رۆحی هونەرمەند عەلی مەردان و هەوادارەکانیان دەکەن.

تارا رەسوڵ لەگەڵراگەیاندنی کارە نوێیەکەی لە هەمان کاتدا گلەیی لە بەشێک لە کارە هونەرییەکانی ئێستا هەیە و نوسیوویەتی "بەداخەوە لە ئێستادا هونەری رەسەنی کوردی خەریکە نوقمی گێژاو دەبێت و خەڵکانێکی بێ هونەر بەمەبەست دەیانەوێت ئەم هونەرە جوانە لەکەدار بکەن و بە ئاڕاستەیەکی خراپی بەرن".

تارا ڕەسوڵ لەساڵی ١٩٧٥ لەدایکبووە، نزیکەی ٢٠ ساڵ دەبێت چووەتە دەرەوەی وڵات، یەکێکە لەهونەرمەندە دیارەکانی کوردستان و چەندین بەرهەمی هونەری و ئەلبوومی تۆمارکراو و بڵاوکراوەی هەیە.

عەتا قەرەداغی لە ساڵی ١٩٧٣ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، ئامادەیی پیشەیی تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٩٣ دەستی بە کاری هونەریی کردووە و یەکەم گۆرانی بە ناوی "ئازیز ئەمشەو" بووە، چەند ئەلبوومی گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپی تایبەت بەخۆی هەیە، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە.

ئ.ل