پسپۆڕێکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون ئاشکرایکردووە،
خواردنی پیسایی کۆرپەلە لەناو منداڵدانی دایکیدا حاڵەتێکە پێی دەوترێت (Meconium aspiration syndrome – MAS) کە تیایدا کۆرپەلە
شلەی ئامنۆتیک و پیسایی خۆی هەڵدەمژێت و دەچێتە ناو سییەکانی کۆرپەلە لە پێش کاتی
لە دایکبووندا یان لە کاتی لە دایکبووندا.
چرۆ حسێن عەزیز پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنا و
منداڵبوون و نەزۆکی لە پەڕەی فەرمی خۆی لەفەیسبووک ئاماژەی بەوەکردووە، بە گشتیی لە ٥-١٠٪ کۆرپەلە تووشی ئەم حاڵەتە دەبنەوە
و دەکرێت ببێتە هۆی چەندین نەخۆشی لە کۆرپەلە و لە حاڵەتە مەترسیدارەکانیدا ببێتە
هۆی مردنی کۆرپلەکە، ئەو هۆکارانەی وادەکەن کۆرپەلە لە سکی دیکیدا پیسایی بخوات بەمجۆرە
روونیکردووەتەوە:
یەکەم: زیادبوونی ماوەی دووگیانی بەتایبەت ئەگەر هاتوو لە
٤٢ هەفتە زیاتر بوو، ئەمەش وا دەکات وێڵاش نەتوانێت چیتر بە باشی کردارەکانی خۆی جێبەجێ
بکات.
دووەم: لە دایکبوونی کۆرپەلە بە کێشی کەم و بەباشی گەشە
نەکردنی لە منداڵدانی دایکیدا.
سێیەم: زۆری کاتی لە دایکبوونی کۆرپەلە.
چوارەم: کەمبوونی بڕی ئەو ئۆکسجینەی کە بۆ کۆرپەلەکە دەچێت.
پێنجەم: توشبوونی دایکەکە
بە هەندێک نەخۆشی لە ماوەی دووگیانیدا وەک: بەرزی فشاری خوێن، نەخۆشی شەکرە.
شەشەم: جگەرە کێشان.
سەبارەت بە نیشانەکانی ئەو کۆرپەلانەی پیساییان خواردووە
ئەو پزیشکە روونیکردووەتەوە نیشانەکان بریتین لە:
یەکەم: شینبوونەوەی پێست.
دووەم: کەمبوونەوەی تێکڕای لێدانی دڵ.
سێیەم: بوونی کێشەی هەناسەدا.
چوارەم: لاوازی لەشی منداڵە تازە لە دایکبووەکە.
پێنجەم: هەڵئاوسانی سەر سنگی منداڵەکە.
چرۆ حسێن بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتی کۆرپەلە نوسیوویەتی، چارەسەری
ئەو کۆرپەلانەی کە پیساییان خواردووە بەندە لەسەر بڕ و چڕی ئەو پیساییەی خووراوە،
هەتا چەند کۆرپەلەکە توانای هەناسەدانی هەیە لەگەڵیدا ماوەی چەند بەسەر خواردنی پیساییەکەدا
تێپەڕیووە، بەگشتی پزیشکان ئۆکسجینی دەستکرد یان دژە زیندەییەکان بەکاردەهێنن بۆ
چارەسەری ئەم حاڵەتە.
ئ.ل