وەستئاپ تایبەتمەندییەك بۆ ئەو کەسانە زیاد دەکات کە تاقەتی گوێگرتن لە نامەی دەنگییان نیە

PM:10:58:11/02/2023

1304 جار خوێندراوەتەوە

وەتسئاپ بەم نزیکانە تایبەتمەندییەکی نوێ زیاد دەکات بۆ ئەو کەسانەی کە تاقەتی گوێگرتنیان نیە لە نامەی دەنگی و حەز بە خوێندنەوە دەکەن.

ماڵپەڕی " WABetaInfo" ئاماژەی بەوەکردوە، وەتسئاپ لە نوێترین وەشانی تاقیکردنەوەییدا بۆ مۆبایلەکانی ئایفۆن تایبەتمەندییەك زیاد دەکات کە نامەی دەنگی دەگۆڕێت بۆ نوسین.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو تایبەتمەندییە کاردەکات لەسەر گۆڕینی، بەڵام هەندێك گرفتی دەبێت بۆ نمونە ناتوانێت ئەو نامە دەنگیانە بکات بە نوسین کە بە زمانێك وتراون لە لیستی داتاکانی وەستئاپدا نەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە جارێ نازانرێت کەی دەستدەکرێت بە کارپێکردنی ئەم تایبەتمەندییە بۆ هەمووان و بەردەست دەبێت.

تێلێگرامیش کە بە رکابەری سەرەکیی وەتسئاپ دادەنرێت تایبەتمەندیی گۆڕینی ڤیدیۆ و دەنگیی هەیە بۆ نوسین، ئەم تایبەتمەندییەش بۆ ئەو کەسانە بەردەستە کە بەشداریی لە تایبەتمەندیی " Premium"دا دەکەن، لە بەرامبەردا وەتسئاپ ئەو تایبەتمەندییە بۆ هەمووان بەبێ جیاوازیی بەردەست دەکات.