بۆچی گرنگە پرتەقاڵ بخۆیت؟

PM:10:43:07/02/2023

5580 جار خوێندراوەتەوە

پرتەقاڵ یەکێکە لە میوە زستانییەکان کە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C و ماددەی خۆراکی گرنگ کە بەسوودن بۆ بەرزکردنەوەی بەرگریی جەستە بەتایبەت لە وەرزیی سەرمادا.

دکتۆر کامه‌ران رسوڵ ژاژڵه‌یی پسپۆڕی زانستی خۆراک ئاماژەی بە گرنگترین سوودەکانی خواردنی پرتەقاڵ کردوە کە بریتین لەمانە:

١ . بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری لەش و خۆپاراستن لە پەتای وەرزی و هەڵامەت و کەمکردنەوەی نیشانه‌کانی لە کاتی تووشبوون بە هۆی بوونی بڕێکی زۆر لە ڤیتامین سی و ماددە دژە ئۆکسانەکان.

٢ . پاراستنی ته‌ندروستی چاو و به‌هێزکردنی بینین و خۆپاراستن له‌ شه‌وکوێری و نه‌خۆشی پوکانه‌وه‌ی هه‌ندێک خانه‌ی بیلبیله‌ی چاو له‌ به‌ساڵاچووه‌کان دا: چونکه‌ دوڵەمەندە بە ڤیتامین ( A ).

٣ . خۆپاراستن له‌ جه‌ڵته‌ی مێشک و نەخۆشیەکانی دڵ و نه‌خۆشی ته‌سک بوونه‌وه‌ی خوێنبه‌ره‌کان له‌گه‌ڵ دابه‌زینی کولیستڕۆڵی خراپ له‌ خوێن دا.

٤ . کەمکردنەوەی ‌قه‌بزی و ڕێگه‌گرتن لێی و چالاککردن و پاککردنه‌وه‌ی ڕێخۆڵه‌ له‌ مادده‌ ژه‌هراوییه‌کان.

٥ . یارمه‌تی دابه‌زینی کێش ده‌دات له‌ کاتی ڕێجیم له‌گه‌ڵ خۆپاراستن لە قەڵەوی بەهۆی بوونی بڕێکی باش لە ماددە ڕیشاڵییەکان و کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن و زوو برسی بوون.

٦ . یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی شەکرەی خوێن دەدات بەهۆی باشترکردنی کاردنەوەی جەستە بۆ هۆرمۆنی ئەنسۆلین و کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە.

٧ . پاراستنی ته‌ندروستی پێست و گه‌شبوونه‌وه‌ی و ڕێگریکردن لە دەرکەوتنی چرچ و لۆچی و خاڵ و زیپکه‌ و سیسی ده‌م و چاو و بەهێزکردنی مووەکانیقژ.

٨ . یارمەتی باشتر هەڵمژینی ماددەی ئاسن دەدات، هەروەها بڕێکی باش لە فۆلیک ئەسیدی تێدایەکە گرنگە بۆ منداڵان و خانمانی دووگیان.

٩ . یارمەتی خۆپاراستن له‌ چه‌ندین جۆری شێرپه‌نجه‌ دەدات بە تایبەت شێرپەنجەی گەددە به‌هۆی دەوڵەمەندی بە ماددە دژە ئۆکسانەکانەوە.