ئایا ناوک کەوتن بنەمای زانستیی هەیە؟

PM:01:28:05/09/2021

12852 جار خوێندراوەتەوە

"بەبۆن کەوتن"ی منداڵان و "ناوک کەوتن"ی گەوران دەبین زۆرکات گوێبیستی ئەو دوو وشەیە دەبیت، کە بە لای زۆربەی پزیشکانەوە ئەوانە بنەمای زانستیی نییە.
زانا ئەحمەد پسپۆڕی ھەناو لە پەرەی فەرمی خۆی لەو بارەیەوە نوسیوویەتی، زۆر جار لای پزیشکەکان باسی ناوک کەوتن یان بە بۆن کەوتن کراوە، ئەوان گاڵتەیان پێھاتووە و وتوویانە "شتی وا لە پزیشکیدا نییە، بۆیە ئەسڵ و ئەساسی نییە"، جا کامیان ڕاست دەکەن؟.
ئەو پسپۆرە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوەی کە پزیشکان دەیڵێن، لەوەدا ڕاست دەکەن کە تا ئێستا ھیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی نییە ئەوانە پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە شتی وا بوونی نییە؟ ئایا ھەر شتێک زانستی پزیشکی پێی نەگەیشتبێت، مانای وایە نییە و ڕۆژێک نایات ئەو زانستە پێی بگات؟
ڕونیکردووەتەوە، زانستی پزیشکی زۆر لەسەرخۆیە لە پێشکەوتن و پەیبردن بە ھۆ و چارەی ئەو نەخۆشییانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەمەش شتێکی ئاساییە، ھۆی سەرەکی ئەوەیە کە کەرەستەی بەر دەستی زانستیی پزیشکی، مرۆڤە، بۆیە ناتوانێت وەک زانستەکانی ئەندازیاری و ڕووەکناسی و ئاژەڵزانی و ... ھتد وەک ئەوەی دەیەوێت لێکۆڵینەوە ئەنجام بدات و زوو بگات بە ئەنجام، بۆیە ئەوەی بوترێت "ھەر شتێک زانستی پزیشکی دانی پێدا نەنێت، نییە"، ئەوەندەی لە نەزانینەوە سەرچاوە دەگرێت، لە زانینەوە نایگرێت.
زانا ئەحمەد ئاشکرایکردووە، لە پزیشکیدا گوزارەیەک ھەیە بە ناوی Medically unexplained symptoms کە بە کوردییەکەی دەبێتە "ئەو نیشانانەی نەخۆشی کە لە ڕووی پزیشکییەوە ڕاڤە ناکرێن"، لە پێگەی NHS کە پێگەیەکی خاوەن داپێنراوی پزیشکیی بەریتانییە، لەو بارەیەوە نووسراوە: "زۆر نەخۆش ھەن تووشی نیشانەی نەخۆشیی وا دەبن، وەک ژان و سەرگێژ خواردن، کە بۆ ماوەی چەند حەفتەیەک درێژە دەکێشن، بەڵام پزیشکان دەستەوسان دەبن لەوەی ھۆکەی بدۆزنەوە، بەڵام دەبێت بزانرێت کە ئەمە مانای ئەوە نییە نەخۆشەکە ئەو حاڵەتەی نییە یان شتێکە لە مێشکی بۆ خۆی دروست کردووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە ڕاستن و کاریگەریی دەخەنە سەر ئیشوکاری ڕۆژانەیان، بەھۆی ئەوەش کە حاڵەتەکەیان، ھۆکەی نادۆزرێتەوە، ئەوەندەی تر تووشی دڵەڕاوکێیان دەکات و وایان لێدەکات لەگەڵی ھەڵنەکەن".
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، دەکرێت بوترێت ڕای لۆژیکی، ھەر ھیچ نەبێت بە ڕای بەندە، ئەوەیە بوترێت "مادام ھەزاران ساڵە و ھەزاران کەسیش دەڵێن بە بۆن کەوتن و ناوک کەوتن ھەن، دەشێت ھەبن، بەڵام تا ئێستا زانستی پزیشکی پێیان نەگەیشتووە، بۆیە لە حاڵەتی وادا دەکرێت سوود لە خەڵکانی شارەزا لەو بوارانە وەربگیرێت نەک پزیشکان، چونکە پزیشکی زیرەک و زرینگ، ڕێگە بە خۆی نادات چارەسەری حاڵەتێک بکات، کە زانستی پزیشکی نەیدۆزیبێتەوە و ڕێوشوێنەکانی چارەسەری بۆ دانەنابێت".
ئ.ل