فەلافل یەکێکە لە خواردنە خێراکان و تامێکی خۆشی
هەیە، بۆ سەرکار و میوانداریی و ژەمی بەیانیان و نیوەڕوان ئامادەدەکرێت.
کەرەستەکانی:
نیوکیلۆ نۆك
سەلکێک پیازی جنراو
دوو دەنک سیری کوتراو
نیو دەسک کەرەوزی جنراو
کەوچکێکی چێشت بەهاراتی تێکەڵ و ئاڵەتی ڕەش
کەوچکێک بەهاراتی فەلافل
خوێ بەپێی پێویست
ڕۆن
کەوچکێکی چا سۆدەی نان
ئامادەکردنەکەی:
سەرەتا دەبێت نۆکەکە بۆماوەی زیاتر لە شەش
کاتژمێر لە ئاودا بخوسێنرێت، باشترە شەوەکەی بخرێتە ئاوەوە.
دوای خوسانی نۆکەکە دوو جار ئاوی پێدا دەکرێت و
لەگەڵ پیاز و کەرەوزەکە دەکرێتە ئامێری هاڕینی نۆکەوە "مەکینەی تایبەت بە قیمەیە".
دواتر خوێ و سۆدە و بەهارات و کەرەستەکانی تری
تێکەڵ دەکرێت و بە جوانی دەشێلرێت.
هەویرەکە بەش بەش دەکرێت و دەخرێتە قاڵبی فەلافلەوە،
لە تاوەیەکدا ڕۆنی بۆ دەقرچێنرێت و فەلافلەکانی تێدا سوردەکرێتەوە.
لە کۆتاییدا بە گەرمی و لەگەڵ قاشی تەماتە و خەیار
و کەلەرم و ساس و سەموون پێشکەش دەکرێت.