باڵندەیەک ژمارەی پێوانەیی لە فڕیندا شکاند و ناوی چووە کتێبی گینسەوە

PM:10:13:27/01/2023

520 جار خوێندراوەتەوە

باڵندەیەک لە جۆری گۆدویت ژمارەیی پێوانەیی شکاند لە رێگەی فرینی لە ئالاسکاوە بۆ تەسمانیا بەبێ خواردن و خواردنەوە، باڵندەکە لە ماوەی ١١ رۆژ و شەو زیاتر لە ١٣ هەزار کیلۆمەتر فڕیوە.

ماڵپەری گینس بڵاویکردەوە، کۆچی ئەم باڵندەیە درێژترین ماوەیە و لە رێگەی ئامێرێکەوە کە لە پشتی باڵندەکە بەستراوە ماوەی کۆچەکەی تۆمارکراوە و لە ١٣ی مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردووە لە ٢٤ی هەمان مانگ کۆتایی هاتووە.

تۆماری درێژترین کۆچی باڵندەی پێشوو، بە باڵندەیەکی دیکەی هەمان جۆر بووە لە ساڵی ٢٠٠٧ ئەویش ماوەی ١١ هەزار و ٥٠٠ کیلۆمەتری بڕیوە.

لایخۆشییەوە ماکزیم زوکا شارەزای بواری باڵندە رایگەیاند، باڵندەی جۆری گۆدویت لە کۆچەکانیاندا ماوەیەکی دوور و درێژ دەبڕن، بەڵام ئەوانەی لە ئالاسکاوە دێن کۆچی نموونەیی دەکەن.

جێگای ئاماژەیە، باڵندەی گۆدویت لە ئالاسکا هێلانە دروست دەکەن و لە وەزی زستاندا کۆچ دەکەن بۆ نیوزلەندا.

بەپێی راپۆرتەیەکی ماڵپەری گینس، ئەم باڵندانە دەتوانن لە رێگەی هەلمژینی ٢٥٪ـی شانەکانی کۆ ئەندامی هەرسیانەوە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە ژیاندا بمێننەوە لە کاتی فڕیندا.

هاوکات، ئەو جۆرە باڵندەیە توانای گەورەکردنی ماسولکەکانی دڵ و سنگی هەیە بۆ هەڵمژینی ئۆکسجینی زیاتر لە کاتی کۆچکردن و فڕیندا و بەپێی زانیارییەکانی ئێرک ویلەر زانای بواری باڵندە، ئەو باڵندەیەی کۆچە دوور و درێژەکەی ئەنجامداوە لەوانەیە نیوەی کێشی جەستەی لە دەستدابێت.

باسی لەوەشکرد، ئەم جۆرە باڵندەیە توانای نیشتنەوەی نییە لە دەریاکاندا وەک باڵندەکانی دیکە بەڵکو هەموو کۆچەکەی بەبێ پشوو ئەنجام دەدات و لە ئێستادا هەڕەشەی لە ناوچونیان لەسەرە بەهۆی وێرانکردنی نیشتیمانەکەی و پەنگخواردنەوەی گەرمی.
ر.ئ






‌ بەپەلە