ئامێرێك لە سەنتەرەکانی جوانکاریدا دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە

PM:01:29:19/01/2023

10752 جار خوێندراوەتەوە

وەك دەزانرێت تیشکی سەروو بنەوشەیی دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست و تێكچوونی دی ئێن ئەی، بۆ ئەم مەبەستەش لێکۆڵینەوە کراوە لەبارەی سەلامەتیی ئەو ئامێرەی بۆ وشککردنەوەی بۆیەی نینۆك بەکاردەهێنرێت لە ئارایشتگاکاندا.

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە زانکۆی کالیفۆرنیا سان دیێگۆ و زانکۆی بێتسبرگ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان چەند بەڵگەیەکی ئاشكراکردووە لەبارەی ئەو مەترسییانەی کە دەکرێت ئەو رووناکییەی لەو ئامێرانەوە دەردەچێت دروستی بکات، وەك لە هەواڵێکی ماڵپەڕی "سکای نیوز"دا باسکراوە.

ئەو تیشکی لامپایەی کە لە وشککەرەوەی نینۆکدا هەیە بەئاسانیی پێست تێدەپەڕێنێت و ئەنجامی چاوەڕواننەکراوی دەبێت.

لۆدمیل ئەلیکساندرۆڤ نوسەری سەرەکی توێژینەوەکە وتوویەتی، "ئەنجامەکان ئاشکرایانکردووە، ئەو رووناکی سەروو تیشکی بنەوشەییەی کە لە ئامێری وشککەرەوەی بۆیەی نینۆکەوە دەردەچێت دەکرێت ترشی دی ئێن ئەی خانەکانی مرۆڤ تێك بدات".

کاتێکیش چەند سامپڵێکی خانەی مرۆڤیی کرایە ئەو ئامێرەوە بۆ دوو جەلسە هەر یەکێکیان ٢٠ خولەکی خایاند، نزیکی لە سەدا ٢٠ بۆ ٣٠ خانەکان مردن.

ئەو خانانەی کە مابوون نیشانەی تێكچوونی دی ئێن ئەیان پێوە دیار بوو لەگەڵ چەند بازدانێك کە پەیوەندیدارن بە شێرپەنجەی پێستەوە.

وێرای ئەوەی ئەم ئەنجامانە بەڵگەیەکی راستەوخۆ دەرناخەن لەبارەی زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە، بەڵام ئاماژەیە بۆ بوونی مەترسییەك.