ئایا باژەڵە بۆ چارەسەرکردنی گریانی منداڵی تازە لەدایکبوو تەندروستە؟

PM:08:40:12/01/2023

8596 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆرێکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی منداڵان ئاشکرایکردووە، باژەڵە نەک دروست نییە بەڵکو ژیانی چەندین منداڵی کۆتایی پێهێناوە، سکی ئەو منداڵە بە مووس دەبڕێت تەنها لەبەرئەوەی منداڵەکە حاڵەتێکی ئاسایی هەیە کە پێی ئدەوترێت غازاتی منداڵ.

پشدەر عەبدوڵا ئیسماعیل پزیشکی پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک ئاماژەی بەوەکردووە، کرداری باژەڵە هەندێکجار هەوکردنێکی زۆری خوێن دروست دەکات کە چارەسەرەکەی زۆر گرانە و لەوانەیە بە مردنی منداڵەکە کۆتایی پێبێت.

ئاشکرایکردووە، تا ئێستا لەم شارەدا بەهۆی باژەڵەوە چەندین منداڵ بە ئازارێکی زۆرەوە مردوون، سەبارەت بە هۆکارەکانی غازاتی منداڵ روونی کردووەتەوە: کۆلیک یان غازاتی منداڵی تازە لەدایک بوو چیە؟ هۆکارەکەی دەبێت چی بێت؟ چۆن بتوانین ئەم گریان و غازاتە کەم بکەینەوە؟ ئەم گریانە بۆ زیاتر لە سێ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و زیاتر لە سێ ڕۆژ لەهەفتەیەکدا و بۆ ماوەی زیاتر لە سێ هەفتە کە (یاسای ژمارەسێی پێ دەڵێن)، نزیکەی ۲٥٪ منداڵ تووشی ئەم غازات و گریانە دەبن، زۆربەی کات لە ئێوارە و شەودا و پێش نیوە شەو ڕوو دەدات.

بەگوێرەی ئەو پزیشکە، لەتەمەنی شەش بۆ هەشت هەفتە بڕی ئەو گریان و غازاتە دەگاتە لوتکە و هۆکارەکانی دیاری کراو نین و بەلام ئەم هۆکاراەی خوارەوە غازات زیاد دەکەن:

یەکەم: باش پێنەگەیشتنی سیستەمی مێشک و دەمار.

دووەم: هەستیاریی زۆر بۆ دەست لێدان و دەنگە دەنگ ئەگەر هەیبێت.

سێیەم: ئەو منداڵانەی شیری دایکیان دەخۆن لەوانەیە هەندێک خواردن کە دایکی دەیخوات هۆکار بێت بۆ زیاد بوونی غازات.

چوارەم: ئەو منداڵانەی شیری قووتو دەخۆن لەوانەیە هەندێک پڕۆتینی ناو شیرەکەیان پێ نەکەوێت.

پێنجەم: زۆر شیر خواردن یان خێرا شیر خواردن.

شەشەم: ئەو دایکانەی لە کاتی سکپڕی جگەرە دەکێشن ڕێژەی غازات لە منداڵەکانیاندا دوو ئەوەندە زیاد دەکات.

حەوتەم: ئەگەر دوای شیر خواردنەکە هەرسی نەکات واتە نەی خەیتە سەر شانت بۆ هەرسکردنی شیرەکە.

هەشتەم: منداڵێک کێشی کەم بێت لەکاتی لە دایکبووندا.

نۆیەم: ئەگەر منداڵەکە برسی بێت.

دەیەم: ئەگەر منداڵەکە ترشیەتی گەدەی بگەڕێتەوە سورێنچکی.

سەبارەت بە چارەسەرکردنی غازاتی منداڵ پشدەری پزیشک ئەم رێنماییانەی خستووەتە ڕوو:

یەکەم: پێویستە منداڵەکە زۆر لە باوەش بگریت تەنانەت ئەوکاتانەی کە نەشگریەت.

دووەم: دەتوانی بتڵێک ئاوی گەرم یان مەمە شوشە ئاوی گەرمی تێدا بێت( بەمەرجێک زۆر گەرم نەبێت زیان بە منداڵەکە بگەیەنێت)، لەسەر سکی منداڵەکە دابنێ.

سێیەم: دایکی شیردەر هەوڵبدە منداڵەکە و لایەکی سنگت بەتاڵ بکاتەوە دواتر بیبەیتە سەر لاکەی تر.

چوارەم:هەوڵبدە دەست بەسەر سکی منداڵەکەتدا بهێنیت لە شێوەی میلی کاتژمێر.

پێنجەم: ئەو منداڵانەی کە شیری قووتو دەخۆن باشترە جۆری شیرەکە بگۆڕن نەوەک هەستیاریی هەبێت بە پڕۆتینی ئەو شیرە.

شەشەم: زوو زوو منداڵەکەت بخەرە سەر شانت.

حەوتەم: دەتوانیت منداڵەکەت لەسەر سکی بیخەیتە سەر قاچەکانت، جووڵە بە قاچەکانت بکەیت بۆ ئەوەی ماساج بە سکی بکرێت.

هەشتەم: زۆر جار منداڵ کاتێک دەیخەیتە ناو ئۆتۆمبێل و لەکاتی ڕۆیشتنی ئۆتۆمبێلەکەدا منداڵەکە بێ دەنگ دەبێت، بۆیە دایک و باوک سوودی زۆر لە ئۆتۆتمبێل دەبینن.

چ کاتێک پێویستە ترست هەبێت و پێویستی بە بینینی پزیشک بێت(ئەوانە نیشانەی غازات نین)؟

یەکەم: ئەگەر تای هەبێت.

دووەم: پیساییەکەی خوێن یان لیمانی لەگەڵدا بێت.

سێیەم: ڕشانەوە بەتایبەتی ئەگەر زۆر و بە قوڵپ بێت.

چوارەم: ئەگەر ئارەزووی شیر خواردنی کەمی کرد.

ئ.ل