هێڵی لەڤ وەڵامی قسەکانی سۆران ئیبراهیم دەداتەوە

PM:12:22:23/12/2022

22320 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی دوێنێ سۆران ئیبراهیمی هونەرمەندی سینەماکار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا ئاشكرایکرد کە هێڵی لەڤ گرفتی بۆ کارەکانی فیلمی پێشمەرگە دروست کردووە و هەرەشەی کوشتنی لە دەرهێنەرێك کردووە، هێڵی لەڤ هاتە دەنگ و روونکردنەوەیەکی دا.

لە روونکردنەوەیەکدا کە بۆ رای گشتی داویەتی، هێڵی لەڤ دەڵێت: "بیرۆکەی بەرهەمهێنانی فیلمی پێشمەرگە دوای ئەوە هات کە چەند فیلمێکی بیانی هەوڵیاندا رۆڵی پێشمەرگە لاواز بکەن لە رووبەڕووبونەوەی تیرۆرستان، ئەو بیرۆکەیەم لەگەڵ کاک سۆران باس کرد دواتر بڕیارماندا ترایلەرێك بۆ بیرۆکەکەمان ئامادە بکەن بۆئەوەی لەکاتی خستنەڕووی بیرۆکەکە لەگەڵ سپۆنسەرەکان پیشان بدەین".

هەروەها دەڵێت، تەنانەت لە بەرهەمهێنانی ترایلەرەکەش خۆی بەشداری مۆنتاژی کردووە.

بۆ وەڵامی قسەکانی سۆران ئیبراهیم کە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانییەکەدا باسی کردووە هێڵی لەڤ بە شەش خاڵ روونکردنەوە دەدات، لە بریتین لەمانە:

١. چەند رۆژێك پێش ئێستا بە راشکاوی رای خۆمم بە سۆران راگەیاند کە ئەمە کارکی پرۆفیشناڵ نیە ترایلەری فیلمەکە بڵاوبکرێتەوە، پێشم وت کە ئازادی لە بڵاوکردنەوەی بەلام وێنەی من بڵاو مەکەرەوە بەڵام هەر کردی.

٢. ترایلەرەکە تەنها خولەکێك و ٥٠ چرکەیە ، نازانم کاک سۆران مەبەستیی چییە لە ٪٢٠ی تەواوکردنی یەك حەلقە.

٣. کاك سۆران باس لەوە دەکات کە سپۆنسەری بۆ فیلمەکە پەیدا کردووە لەکاتێکدا دوو ساڵە چاوەڕێ دەکەین سپۆنسەرێك پەیدا ببێت نازانم چۆن لەناکاو سپۆنسەر پەیدا بوو، هەرچەند ویستمان نەمانزانی سپۆنسەرەکان کێن.

٤. کاک سۆران ئیبراهیم دەیەوێ سۆزی خەڵکانێك بۆلای خۆی رابکێشێت بۆیە هەوڵی ئەوە دەدات کە ئەم بابەتە سیاسی بکات.

٥. لەبارەی ئەوەی هەڕەشەمان لێکردووە یان پارەمان خواردووە، ئێمە ئەم تۆمەتانە بە هەموو شێوەیەك رەت دەکەینەوە و ئەگەر کاک سۆران لەم بارەیەوە بەڵگەیەکی پێیە با پێشکەشی دادگای بکات و ئێمە ملکەچی یاسا دەبین.

٦. ئێستاش ئەگەر راست دەکات سپۆنسەری هەیە و بیرۆکە هی خۆیەتی، بۆ ناچێ فیلمەکە بەرهەم بهێنێت، کەس دەستی نەگرتووە بۆچی وێنە و ڤیدیۆی من بڵاودەکاتەوە؟