چۆن بە سروشتی چارەسەری قەبزی دەکەیت؟

AM:08:35:12/12/2022

69844 جار خوێندراوەتەوە

قەبزبوون بریتیە لەدیارترین كێشەی كۆئەندامی هەرسكردن و بریتیە لەدەرنەچوونی پیسایی بەئاسانی ئەویش بەهۆی خاویی جووڵەی ناوهەناو و ئەم كێشەیە تووشی منداڵان و پێگەیشتووان دەبێتەوە و بەنەخۆشی دانانرێت ، بەڵكو گرفتێكی كاتیە و لەهەندێك كاتدا ئاماژەیە بۆ نەخۆشی دیكە.

لە ماڵپەڕی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستی سلێماندا ئاماژە بەوەکراوە، هەندێك لەهاوڵاتیان لەكاتی قەبزبوون دەرمان بەكاردەهێنن بۆ رزگاربوون لەو كێشە و كەمكردنەوەی ئازار، بەڵام هەندێك رێگای سروشتی هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە و رێگریكردن لەدووبارەبوونەوەی ، ئەوانیش:

زەیتی زەیتون: خواردنی ئەم جۆرە زەیتە بە برسێتی بەسوودە بۆ كەمكردنەوەی قەبزبوون و یارمەتیدەرە بۆ كۆئەندامی هەرس و جووڵەی ماددەكانی ناو كۆلۆن.

شەربەتی لیمۆ: ترشەڵۆكی ستریك كەلەناو ئەم شەربەتەدا هەیە بەسوودە بۆ كۆئەندامی هەرس و یارمەتیدەرە بۆ دەركردنی ماددە ژەهراوی و ناهەرسكراوەكانی كۆبۆوە لەسەر دیواری كۆڵۆن و ئاسایی كردنەوەی جووڵەی ناو هەناو.

* قاوە: رۆژانە خواردنەوەی كوپێك یان دوو كوپ قاوە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی قەبزبوون و هاندانی كۆئەندامی هەرس، نابێت زیادەڕەوی لەخواردنەوەی بكرێت.

جووڵەكردن: هەندێك جووڵە و راهێنانی وەرزشی دیاریكراو هەیە كە یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی قەبزبوون و پێویستە سەعاتێك دوای نان خواردن وەرزش بكرێت.

سیستمی خۆراكی: بەكارهێنانی خۆراكە دەوڵەمەندەكان بەریشاڵەكان و سیستمی خۆراكی تەندروست بەسوودە بۆ تەندروستی بەگشتی و كەمكردنەوەی قەبزبوون.

زەیتی تۆی كەتان: دەبێتە هۆی زیادكردنی جووڵەی ناو هەناو و لەكاتی تێكەڵكردنی ئەم زەیتە بەشەربەتی پرتەقاڵ ئەوا كاریگەری زیاد دەكات.

بیكاربۆناتی سۆدیۆم (سۆدەی نان): یەك كەوچكی بچووك سۆدەی نان لەگەڵ چارەكێك كوپی ئاوی شلەتێن تێكەڵ بكرێت و بخورێتەوە بەسوودە بۆ كەمكردنەوەی قەبزبوون و ئازاری ناوسك بەگشتی.

هەڵوژە: ئەم میوەیە یاخود شەربەتەكەی برێكی زۆر ریشاڵ و ماددەی سوربیتولی تێدایە و بەسوودە بۆ كەمكردنەوەی قەبزبوون.

قەبزبوون گرفتێكی باوە كە تووشی هەموو كەسێك دەبێت و ئەگەر بۆ ماوەی زیاتر لە 3 رۆژ بەردەوام بوو پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت یاخود ئەو حاڵەتە دووبارەبۆوە و چارەسەرەكان سوودیان نەبوو.