مارەبڕینی دوو بچوکترین بوك و زاوا لە میسر هەرا و تووڕەیی بەدوای خۆیدا
هێنا و رەخنەیەکی زۆر لە خێزانی هەردووکیان گیرا.
لە یەکێك لە گوندەکانی سەر بە پارێزگای شەرقیە لە میسر ئاهەنگی هاوسەرگیریی
بۆ بچوکترین بوك و زاوا لە هەمان خێزان سازکرا.
بەگوێرەی ماڵپەڕی "العربیة"، بوکەکە تەمەنی ١٠ ساڵە و لە پۆلی چواری
سەرەتاییدایدا، زاواکەش تەمەنی ١٢ ساڵە و لە پۆلی شەشی سەرەتاییدایە.
لەلای خۆیەوە دایکی بوکەکە وتی، ئەو مارەبڕینە لەسەر داواکاری باپیری بوکەکە
بووە، بۆئەوەی پەیوەندیی خێزانیی و کار لە نێوان خێزانەکاندا دروست ببێت و زیاتر
ببێت.
ئەوەشی روونکردەوە، ئەمە وەك کەلتورێکی خێزانەکە روودەدات، لە بچوکییەوە منداڵەکان
نیشان دەکرێن و مارەدەبڕدرێن بەپێی دابونەریتی میسری، دوای گەیشتنیان بە تەمەنیی
یاساییش بە فەرمی مارەبڕین و مەراسیمەکان ساز دەکرێت.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەش دەستەی نیشتیمانی منداڵان و دایکان بەخێرایی
دەستیان لە بابەتەکە وەردا و بەڵێننامە بە دایك و باوکەکە پڕکرایەوە بە هەڵوەشاندنەوەی
مارە کردنەکە و دانانی ئەو پرۆسەیە بۆ کاتێك کە دەگەن بە تەمەنیی یاسایی.
