بە درۆن هێرشکرایەوە سەر هەولێر؛ بریندار هەیە
ئاسایشی هەولێر ئاگاداری هاوڵاتییان دەکات کە لە کاتی کەوتنەخوارەوەی هەر درۆن یان موشەکێک، بە هیچ شێوەیەک لە شوێنی رووداوەکە کۆ نەبنەوە.
کەمێک پێش ئێستا دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە هەولێر بیسترا و بەپێی زانیارییەکانیش، هێرشی درۆنی بووە و ئامانجەکان بۆ کونسوڵخانەى ئەمریکا و فڕۆکەخانەى هەولێر بووە، بەڵام لەلایەن سیستمى بەرگرى بەرپەرچدرایەوە و تەقێندرایەوە.
سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت، "هەوڵماندا لەریگەی دیبلۆماسییەوە خۆمان لە شەڕ دووربخەینەوە بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ بژاردەیەكیان بۆ نەهێشتووینەتەوە جگە لە بەرگریكردن لە خۆمان".
کەمێک پێش ئێستا کارەبا لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق بە تەواوی پچڕا و وەزارەتی کارەبای عێراقیش دەڵێت، بەهۆی فشار و کێشەی هونەرییەوە بووە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.
بڕیارە ڕۆژی شەممە، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام بدات و بەپێی کارنامەکە، تەوەرەی سەرەکیی دانیشتنەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە، کە تێیدا فەرماندە باڵا ئەمنییەکان ئامادە دەبن.
لە کاتێکدایە نزیکەی ٧٠٠ هەزار دەرچووی دانەمەزراو هەیە بەڵام مەسرور بارزانی چوار کەسی بە پلەی باڵا وەک راوێژکار لە ئەنجومەنی شورای هەرێم دامەزاندووە لەسەر میلاکی وەزارەتی داد.
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، دۆخی دارایی عێراق سەقامگیرە و ئەو دەنگۆیانەی باس لە کێشەی کەمی نەختینەی دەکەن دوورن لە راستییەوە و دەشڵێت، تەرخانكراوەكانی تایبەت بە چاودێری كۆمەڵایەتی بەتەواوەتی لەچوارچێوەی بودجەدا مسۆگەرەو هیچ قەیران و كۆسپێكی دارایی نییە.
تەرمی گەنجێکی خەڵکی سلێمانی لەناو رووباری خابوور لە سنووری زاخۆ دۆزرایەوە و تا ئێستاش هۆکاری گیانلەدەستدانی نەزانراوە.
نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەڵێت، مەسرور بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفونیی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا پێگەیشت و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشت و گفتوگۆ کرا لەبارەی جەنگ و پێشهاتە سەربازییەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە.
وەزیری نوێی بەرگری ئێران کە تەنها دوای دوو رۆژ لە وەرگرتنی پۆستەکەی دوێنێ راگەیەندرا کە کوژراوە، بە بۆردومانی ئیسرائیل.
کارەبای سلێمانی دەڵێت، بهگوێرەی نرخی سوتهمهنی له بازاڕهكاندا بۆ مانگی دوو نرخی ههر كاتژمێرێك کارەبای موەلیدە بۆ یهك ئهمپێر ٤٤ دینارە و ئەو نرخەش بۆ ئەو ناحیانەیە کە مۆلیدەکانیان کار دەکەن و هێشتا کارەبایان نەبووە بە پڕۆژەی روناکی.
دەستەی فڕۆکەوانیی عێراق دەڵێت، وادەی داخستی ئاسمانی عێراق بۆ ٧٢ کاتژمێری دیکە درێژ کرایەوە، بەگوێرەی پێشهاتەکان دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکە دەکرێتەوە و لە هەر نوێکارییەک راگەیەندراویان دەبێت.
شاندی باڵای نەوەی نوێ و یەکێتی بە سەرۆکایەتیی شاسوار عەبدولواحید و بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوە.
قوباد تاڵەبانی لە دیوانی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی کۆبووە و وتی، لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم جەنگە و بە تەواوەتی بێلایەنی خۆی دەپارێزێت، بەڵام بەو حاڵەشەوە ئێستا کەوتوونەتە دۆخێکی نائاساییەوە و لە دەرەوەی خواست و ئیرادەی ئەوان، پریشکی جەنگەکە بەر هەرێمی کوردستانیش کەوتووە.
تەرمی سێ کرێکاری بەنگلادشی لە شوێنی مانەوەیان لە هەولێر دۆزرانەوە و بەپێی زانیارییەکان، هیچ ئاسەوارێکی چەقۆ و فیشەک بە جەستەیانەوە نیە.
چاوگێك بۆ ئێن ئاڕ تی، چاوگێك بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هێرشی درۆنی کراوەتە سەر بارەگای پارتی ئازادی کوردستان لە دێگەڵە و بەهۆیەوە کەسێك کوژراوە و سێ کەسیش برینداربوون.
چاوگێک لە دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی وت، رێکارەکانی ناردنی مووچەی هەرێم تەواو کراون و رەنگە ئەمڕۆ یان سبەینێ پارە بنێرن.
حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەڵێت، سبەینێ لە هەرێمی کوردستان دەکرێت بە پشووی فەڕمی بەهۆی ساڵیادی راپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١.
جارێکی تر شاسوار عەبدولواحید و بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوە، شاسوار عەبدولواحید بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە دەباشان لەگەڵ شاندی یەکێتی بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کۆبوونەوە.
کەشناسی دەڵێت، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت تا کاتەکانی ئێوارە، لە شەودا کاریگەری نزمە پاڵە پەستۆیەکی لاواز سەرەتا لەسەر بەشەکانی باکووری رۆژئاوای هەرێم دەست پێدەکات، ئاسمان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو نمە بارانی لەسەرخۆ دەست پێدەکات لەسەر ئەو ناوچانە، لەکاتەکانی شەو درەنگدا لەسەر سەرجەمی ناوچە سنووریەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و سنووری ئیدارەی سۆران بەفر بارینێکی کەم دەبێت.
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان داوا دەکات، بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و بەردەوامی شەڕ و ململانێکان، پشووی خوێندن درێژ بکرێتەوە تا کاتێکی نادیار.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ١٢٠ ملیاری داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی دوو رادەستی بەغدا کرا.
دوای پێنج رۆژ لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەهای زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و ئەمڕۆ یەک ئۆنسە لەو کانزا بە پێنج هەزار و ١٣٩ دۆلار و ٣٩ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و مستقاڵێک زێڕی عەیارە ٢١ بە ملیۆنێک و ١٢٣ هەزار دینارە.
لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەمڕۆش، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا زیاتر بەرزبووەوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٨٣ دۆلار و ٣٧ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بنکەی سەربازی ڤیکتۆریا کە نزیکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کراوەتە ئامانج و رووبەڕووی هێرشێکی درۆنی بووەوە.
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەورەترین ئۆپراسیۆنی سەربازییان لە مێژووی هاوچەرخی ئەمریکادا ئەنجامداوە.
کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ دەڵێت، ئەنجومەنی شارەزایانی رابەری، موجتەبا خامنەیی (کوڕی عەلی خامنەیی) وەک رابەری نوێی کۆماری ئیسلامی هەڵبژاردووە.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "ئەمشەو بە درۆن گردی ریعایە لە ناوەندی شاری سلێمانی کرایە ئامانج، کە بە گردی یو ئێن ناسراوە و هێرشەکە هیچ زیانێکی مرۆیی نەبووە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە".
چاوگێک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئێن ئاڕ تی وت، "لە کۆبوونەوەی ئەمشەویاندا رێککەوتن کراوە نوری مالیکی بکشێتەوە و کاندیدێکی تری سەرۆک وەزیران دیاریبکەین".