سەردێڕ:

کورد وەک گەلێکی زیندوو

12/2/2020 11:45:21 AM
2637 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

ئەگەر سەیری مێژوی گەلی کورد بکەین. دەیان شۆڕش و ڕاپەڕین دەبینین کە لە بەرامبەر دوژمنان دا وەستاوەتەوەو سەرشۆڕی و کۆیلەبونیان قبوڵ نەکردوە، بۆ ئەم مەبەستەش قوربانیان داوە بە ماڵ و گیان و ھەموشتە بەنرخ و گرانبەھا کانیان. ئەمەش ئەو ڕاستیەمان پێ دەڵێت کە گەلی کوردوستان بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە گەلێکی ئازادیخوازو بوێرو ڕاستی ویست بوە و ئامادەی ملکەچی و سەرشۆڕی نەبون بۆ دوژمنان . لەدوای ڕاپەڕینەوە بزاڤی سیاسی گەلی کورد چوە قۆناغێکی نوێوە، لەیەکەمین ھەڵبژاردنی پەڕلەمانیش دا زۆرینەی خەڵکی کوردوستان بە حەماسەوە بەشداری ھەڵبژاردنیان کردو یەکێتی و پارتیان گەیاندە پێگەی حوکمڕانی، بەو ھیوایە ی کە ئەمە قۆناغی گەیشتن بێت بەمافە خوراوو زەوت کراوەکان و سەرەتایەک بێت بۆ بنیات نانەوەی ژێرخانی کۆمەڵگەی کوردی و لە دوای ئەوەوە ھاوڵاتیانی کوردوستان بەرەو ژیانێکی خۆشگوزەرانی ھەنگاو ھەڵبگرن و کوردوستان بەرەو گەشەپێدان بڕوات.بەڵام سەد مەخابن، ئێستا گەلی کوردوستان دەبینێت کە ئەو خەونانە لە سەرابێک زیاتر ھیچیتر نەبوون.چونکە حوکمڕانەکان کە کورسی دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت ھەمو پێگەکانی ستەمکاری و گەندەڵیان بەزیادەوە ھێنایەوە ناو کایەی حوکمڕانە کوردیەکەو بەم ھۆیەشەوە خۆشەویستی و ئینتیمای جەماوەریان لە دەستداوبۆ پاراستنی پێگەی حوکمڕانیان ھاوشێوەی داگیرکەرانی کوردوستان پەنایان برد بۆ دروستکردنی چەندان دامەزراوەی ئەمنی و ھێزێکی بندیواری سەدان ھەزار کەسی و نزیکەی ٤٠٠٠٠٠ ھێزی پێشمەرگە کە کەس سەردیوارو بندیواری بۆ جیا ناکرێتەوە.  

لە ئێستادا جارێکیتر بەرپرسیارێتیە کە روودەکاتەوە گەل و ھەرگیز نابێت چاوەڕوانی پڕۆژەی چاکسازی نوخبەی حوکمڕان و بەرپرسەکانیان بێت.لە ئێستادا گەلی کوردوستان پێویستی بە پاراستنی شوناسی زیندوێتیە مێژووییەکەی ھەیە .نابێت ڕێگەبدات ترس و تۆقاندن و تەماع ببێتە مایەی ملکەچ بوونی گەل .لە ئێستادا خەباتی مەدەنی باشترین شێوازی خەباتە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی حوکمڕانە گەندەڵەکان .ئەوەش کە ٣٧ ئەندام پەڕلەمانی کوردوستان دژ بە بەرەی گەندەڵکاران کردیان ھەڵوێستێکی زۆر بوێرانە بوو ،لەگەڵ ئەو ھەنگاوەدا ئەگەر پارتە ئۆپۆزسیۆن کان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ھاوڵاتیانی مەدەنی پێشکەتوخوازو ھۆشیار بێنە سەرخەت و فشار بۆسەر حکومەت دروست بکەن، بە دڵنیاییەوە لە کەمترین ماوەدا حکومەت ملکەچی داواکانیان دەبێت یان دەست لە کار دەکێشێتەوە .