سەردێڕ:

فەرەنسا لە نێوان سیکولاریزم و ئیسلامی سیاسی دا

10/31/2020 11:07:50 PM
7242 جار خوێندراوەتەوە
زانا توفیق بەگ
+ -

لە دوای ڕووداوی (یانزەی سێپتێمبەرەوە) بیرۆکەی بە ئیسلامیکردنی خۆرئاوا لەلایەن بزاوتە ئیسلامیە ڕادیکاڵەکانەوە ڕووی لە پاشەکشە کرد، بەتایبەتی لەدوای ئەوەی ھەندێ لە نووسەرانی دژە فێندەمێنتالیزمی عەرەبی و ھەندێ لە نووسەرانی خۆرئاوا بەشێوەیەکی بوێرانە و زانستیانە ھەوڵی ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بیرۆکەیاندا نمونەیان وەکو (ھاشم ساڵح) گەورە رووناکبیری فەرەنسی بە ڕەگەز سوری و کۆمەڵی نوخبەی تری ئەوروپی بەتایبەتی فەرەنسییەکان.

دروشمەکانی ئیسلامیە توندڕەوەکان بەتایبەتی ئیسلامیە فەڕەنسییەکانی بە ڕەگەز عەرەب و ئاسیاوییەکان ئەوەی کە دەیان وت دەبێ خۆرئاوا لە (جاھیلیەتدا) ڕزگاری بێت،  ئەمە دیدی زۆربەی ڕادیکاڵەکانی جیھانی ئیسلامی بوون بەتایبەتی ئەوانەی کە ھە میشە دەقە پیرۆزەکانیان وەکو بەڵگە دەھێنایەوە بۆ سەلماندنی کارە تیرورستییەکانی ڕووداوەکانی فەرەنسا و بەتایبەتی جەنگی عێراق و ئەمریکا و جەنگی ئەفغانستان. بەمجۆرە کەوتنە بەرنامە  داڕشتن لەڕێگای کۆمەڵی گروپ و دەستە و ڕێکخراوەکانی ڕەوتی دینی لە ئەوروپادا  کاریان بۆ تەکفیرکردن و بەشەیتانیکردنی کۆمەڵگای ئەوروپی دەکرد لە ڕێگای کۆمەڵێ دەق و نوسراوی دینییەوە، لە ھەموویان پەڕگیرتر و توندڕەوانەتر بریتی بوو لە  مانفێستەکەی (سەید قوتب) لە ژێر ناوی (المعالم فی گریق). دیارە ئەم پەرتوکە وەرگێڕاوەتە سەر چەندین زمان لەوانە زمانی (فەرەنسی و ئینگلیزی و ڕوسی و عبری)  کاریگەرییەکی یەکجار گەورەی لەسەر کۆمەڵگای ئیسلامی لە فەرەنسا و ئەوروپا داناوە چونکە ناوەڕۆکی ئەم پەڕوتوکە باس لەجاھیلیەتی خۆرئاوا دەکات، بەوە تاوانباریان دەکات بە دەستدرێژیکردن بۆ سەر دەسەڵاتی حاکمیەتی یەزدان لەلایەن مرۆڤی سەر زەوی بە کۆمەڵێ یاسای زەمینی، دەبێت ئوممەی ئیسلامی لەھەر شوێنێکی ئەم دنیایەدا بوونیان ھەبێت دەست بکەن بەگەڕانەوەی ئەو دەسەڵاتە بۆ یەزدان ئەمە کورتکراوەی دیدی بزاوتە جیھادییەکانە بەرامبەر بە کۆمەڵگا و کەلتوری فەرەنسی و ئەوروپا . لەسەر ئەم میتودە بنچینەییە ئیسلامیە ڕادێکاڵەکان دەیانویست سود لەو ژینگە ئازادەی خۆرئاوا  ببین بتوانن لە فەراغی نەبونی سانسۆری سیاسی لە وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەتی فەڕەنسا کە ڕەوەندی ئیسلامی بەشێوەیەکی فراوان و ڕێژەیەکی زۆر بوونیان ھەیە و تاروماری کەلتوری مرۆڤدۆستی و یاسا مەدەنییەکانی کۆمەڵگای ئەوروپی و فەڕەنسی بکەن  کە خۆی لە تێزی سیکولاریزمدا دەبینێتەوە لە بنەڕەتەوە ھەڵیتەکێنن.

یەکێک لەو پرسیارە گرنگ و ڕوگیرانەی کە ڕوبەڕوی بزاوتە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکانی ئەوروپا دەبێتەوە ئەوەیە بۆچی ئەم جیھادە لە وڵاتانی خۆیانەوە دەستپێناکەن، چونکە بەپیێ ئەو دەق و نوسراوانە بێت کە بزاوتە جیھادییەکان، کۆمەڵگای ئەوروپی پێ تەکفیر دەکەن  پێیاندەڵێن کۆمەڵگای گومڕا و مورتەد و جاھیل ھەمان ئەو تاوانانە بەسەر کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا جێبەجێ دەبێت چونکە ھەمان ئەو یاسا بەرکارانەن کە لە کۆمەڵگای ئیسلامدا جێبەجێدەکرێ ھەمان ئەو دەقانەن کە لە دەوڵەتێکی سیکولاردا پراکتیزە دە کرێت. چونکە بەپێی لێکدانەوە تێڕوانینی بزاوتە ئیسلامییەکان بێت ھەموو حاکمێکی زەمینی بەشدارە لەو تاوانەی بەرامبەر بە یەزدان کراوە بەشێکی زۆری دەسەڵاتی یەزدان لەسەر زەمین لە رێگا دەقە نا ئیسلامییەکانەوە لە حاکمیەتی یەزدانیان  سەندووەتەوە و دراوە بە مرۆڤ و لە رێگای کۆمەڵێ میکانیزمی دژە دین جێبەجێدەکرێت. بۆ گەڕانەوەی ئەو دەسەڵاتە بۆ یەزدان بە ھەر شێوەیەک بێ پێویستە موجاھیدەکان شەڕی ئەو مرۆڤ و سیستەمانە بکەن کە پاڵنەری کەمکردنەوەی حاکمیەتی یەزدان بوون و جارێکی تر بۆ سەر لە نوێ داڕشتنەوەی کۆمەڵگای ئیسلامی باڵادەست بە پڕۆژەیەکی ئیسلامیانەی جیھادی ئسوڵی لەناو ھەموو کایەکانی ژیاندا.

بەشێک لە ھۆکاری دروستبوونی ئەم کێشانەی کە لە فەڕەنسا و کیشوری ئەوروپادا روودەدەن بریتییە لەو ئاسانکارییانەی کە لە یاسای پەنابەرانی ئەوروپا بۆ ئورگانیزەکردنی ڕەوت و پلاتفوڕمە دینییەکان دەستەبەرە، جگە لە کردنەوەی ژمارەیەکی بێشوماری مزگەوت لە فەرەنسا و ئەوروپادا و لایەنێکی تری ئەو بۆشاییە  ڕوحیە کە لەناو کۆمەڵگای ئەوروپی دا بوونی ھەیە، بزاوتە ئوسوڵییەکان شێلگیرانە توانیویانە سودی لێوەربگرن ئەوەش بەھۆی کەمی زانیاریی و سادەی تاکی ئەوروپی لەسەر ستراکچەری دینی ئیسلام و زۆر خێرا ئاوێتە بوونی کەلتورەکانی تر لە ناو کەلتوری ئەوروپیدا. ھاوکات ھەوڵدان بۆ تێکەڵبوونی ڕەنگەکانی پێستی مرۆڤ بەبێ جیاوازی ئەتنیکی و عرقی دینی ئەمانە ھۆکارگەلێکی زۆرن لە ئەمڕودا کە ئەوروپییەکان نەزانن بەشێکیان کێن، ھاوکات مەحفبوونەوەی ئەو شارستانێتییە گەورەی لە دوای پۆست مۆدێرنەوە بەدەستیانھێنا بوو.

لێرەدا وەکو لەسەرەوە ئاماژەم بە ڕوڵی ڕوناکبیران و نوسەرانی بەشێکی خۆرئاوا دا یەکێک لەو نوسەرە گەورانە بریتییە لە (ڤاڵاجی) ڕۆمانوسی ئیتاڵی بە دەنگێکی زوڵاڵ زۆر بە ڕونی و ئاشکرا دە ڵێت ئەوروپا ھاوکاری دوژمنەکانی دەکات بۆ ئەوەی  نوڕم و بەھا بەرزەکانی خۆی سوک بکات بە ھێنانی ئەم لێشاوەی پەناھەندەی ئیسلامی کە کار لەسەر ڕق و تۆڵە و بۆغزاندن دەکەن دەلێت نزیک یان درەنگ ئەوروپا دەبێتە کۆلۆنییەکی ئیسلامی دیارە ئەمە ئەو مەترسیە ڕاستەقینەیە کە بەشێکی زۆری نوسەرانی ئەوروپی درکیان پێکردوە ھەندێکیان بەئاشکرا بێ پەردە دەڵێن ئێمە بۆچی ڕێز لە کەسێک بگرین کە ھیچ ڕێزێکمان لێناگرێت یان ڕوحمان تیرۆر دەکەن، مانای چییە بەھا بۆ کەلتوریک دابنێن کە لە کاتێکدا ئەوان دین و ترادیسوێنی کەلتور و ژیانی ئێمە بە سوک سەیر دەکەن، ھەندێکی تریان دەڵێن بابەتی ڕیفورم لە ناو فکر و میتۆدی ئیسلامدا وەکو وڕێنەیەکی بێ عەقڵی وایە، چونکە بابەتی فێربوون و پرسیارکردن و بیرکردنەوە تێدا کوژراوە بۆیە ھەر ھەنگاوێک بە ئاڕاستەی پێکەوەژیان لە ناو کۆمەڵگایەکی سیکۆلاریزمدا ئەستەمە بنرێت، چونکە ناتوانرێ مۆدیلێکی فرە دینداری عەقڵانی لەگەڵ ڕەوتە ئیسلامیە ئوسوڵییەکاندا بگوزەرێنی.  بەشێکی تری ئەوروپییەکان دەڵێن چۆن دەتوانی سەودا و مامەڵە لەگەڵ عەقڵێکدا بکەیت کە پێیوایە خاوەنی ڕاستیەکی ڕەھایە دەبێت ھەرچی ھەیە لەسەر خواستی ئەوان بێت ئەگەر جیاوازتر  بیربکەیتەوە لەسەر خاکی خۆت ئامادەیە سەرت لە لاشە جیابکاتەوە.بەداخەوە ئەم شێوازە کاریگەریەکی نەرێنی زۆر خراپی لەسەر ھەموو ئاستەکانی کۆمەڵگای ئەوروپی لە بەرامبەر ئەو خەڵکانەی تریش کە سیکۆلارن، بەڵام ڕۆژھەڵاتین بەجێھێشتوە، دۆخێکی وای دروستکردوە کە جارێکی تر کۆمەڵگای ئەوروپی دەیانەوێت فۆڕمەلەی ژیانی پێکەوەیی بکەنەوە لەگەڵ کەلتورە جیاوازەکاندا بە تایبەتی کەلتوری ئیسلامی دا. ھاوکات شێوازی بیرکردنەوەی تاک لە ئەوروپادا بەرەو ئاڕاستەی ڕاستڕەوی ھەنگاو دەنێت ئەم جۆرە ئایدیانە لە بەرامبەر خەڵکی بیانی بەشێوەیەکی نەرێنی گوڕانکاری بەسەردا ھاتووە بەتایبەتی لە دوای ڕووداوەکانی ئەم چەند رۆژەی فەڕەنسا ئیتر چیتر ناتوانی   ھیچ بەرگرییەکی ئەرێنی بکەیت و بتوانیت میتودە دێنێکان ھاوتەریب بکەیت بە مرۆڤدوستی لە ئێستادا.