سەردێڕ:

پەیوەندی نێوان باشور و رۆژئاوای کوردستان

11/11/2019 2:10:46 PM
3736 جار خوێندراوەتەوە
سەرتیپ جەوهەر
+ -

دۆزینەوەی چارەسەرێک سەبارەت بە ئایندەی ئەو ناوچانەی ئێستای ژێر ھەژموونی کورد لەسوریا زەحمەت بووە، بەتایبەت بەرچاو روونیەک نییە لەبارەی مانەوەو ھەڵوێستی وڵاتانی زلھێزی وەک ئەمریکا و روسیا! ھەر رۆژە و دۆخەکە بەجۆرێک گۆڕانی بەسەردا دێت ناتوانرێت بەشێوەیەکی ورد داھاتووت لێ دیار بێت.
لەماوەی نزیکەی یەک مانگی رابردووی پەلاماری تورکیا، ئەو سنورەی لەژێر ھەژموون و کۆنترۆڵی ھێزەکانی سوریای دیموکراتدا بوو، بەشێکی لەلایەن تورکیا داگیرکراو بەشێکیشی (بەتایبەت مەنبەج و کۆبانێ) بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ روسەکان، ھێزەکانی سوریای دیموکراتی لێ کشایەوەو تەنھا ئیدارەی خۆسەری و ئاسایشی رۆژئاوای لێ ماوەتەوە. لەرووبەری ٥٣ ھەزار کیلۆمەتری ژێر کۆنترۆڵی سوریای دیموکرات، نزیکەی ٤٨٢٠ کم٢ کەوتۆتە دەست تورکیاو ئەو تیرۆرستانەی تورکیا پشتیوانیان دەکات،  ٢٣٦٤١  کم٢ لەچوارچێوەی رێککەوتن لەگەڵ روسیاو رژێمی سوریا، ھێزەکانی سوریای دیموکراتی لێ کشایەوە. واتە ئەو روبەرەی پێشتر کە نزیکەی لە ٢٩% خاکی سوریا بوو لەژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی سوریای دیموکرات بوو، بۆ لە نزیکەی لە ١٨% کەمبویەوە.
بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو دۆخە دژوارو ناڕۆشنەی لەسوریا ھەیە، رەنگە کورد ھەوڵبدات بەسود وەرگرتن لەململانێکان دەست بەگفتوگۆ لەگەڵ رژێمی سوریادا بکات، بەڵام بەرچاو روونیەک یان پرۆژەیەک لەلایەن پەیەدەوە رانەگەیەنراوە تاوەکو بتوانرێت قسەیەکی لەسەربکرێت! لەبەرامبەردا رژێمی سوریا-ش پرۆژەیەک یان تێگەیشتنێکی بۆ چاسەری پرسی کورد نەخستۆتەروو تا لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەڵوێستی خۆیان لەبارەیەوە دەرببڕن.
داواو خواستی کورد ھەرچی بێت و ھەر رێککەوتنێکی لەسەر بکرێت، دەبێ لەدەستوری نوێی سوریادا بەڕوونی جێبکرێتەوەو بچەسپێنرێت، بەڵام پێناچێت بۆ رێککەوتنی کورد و سوریا نە روسەکان بیانەوێ بگەنە رێککەوتن و نە ئەمریکییەکانیش خۆشحاڵن بەگفتوگۆو رێککەوتنی نێوان کورد و رژێمی سوریا. روسەکان دەیانەوێ کورد لەبارودۆخێکدا بھێلنەوە ھەمیشە وەک کارتێک بەدەستیانەوە بێت و لەگوشار خستنەسەر سوریاو وڵاتانی ناوچەکە بەکاریبێنن، ئەمریکییەکانیش دەیانەوێ تا رێککەوتن لەگەڵ روسیا دەکەن سەبارەت بەئایندەی سوریاو ئایندەی رژێمی ئەسەد، کورد گفتوگۆ لەگەڵ رژێمدا نەکات و وەک کارتێکی بەھێز لەدەست ئەواندا بمێنێتەوە.
لەو نێوانەدا کورد لەژێر گوشارێکی زۆردایە. لەماوەی چەند رۆژی رابردوو مەزلوم عەبدی ھاتە باشورو ھەردوو لایەنی سەرەکی کوردستانی بینی. لەوە دەچێت دوو پرسی سەرەکی لەگەڵ باشور گفتوگۆ کردبێت. یەکەمیان پرسی ئاشتبونەوەی نیشتیمانیی لەنێوان پەیەدەو لایەنەکانی دیکە، ئەویدیکە پێشخستنی پەیوەندی نێوان ھەرێم و رۆژئاوا، لەسەر ھەردوو ئاستی سیاسی و بازرگانیی.
لەناوخۆی ھەرێم مەبەستم حکومەت و حوکمڕانییە، تێگەیشتنی جیاواز لەنێوان سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەتدا ھەیە. سەرۆکی ھەرێم پێی باشە پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەگەڵ رۆژئاوادا ھەبێت و ھەوڵبدرێت کە پەیەدە یان ئیدارەی رۆژئاوا لەو تێگەیشتنە دوربخرێتەوە کە پەیوەندیان بە پەکەکەوە ھەیە، ھەروەک ئەنەکەسە لەپەیوەندی نێوان باشورو رۆژئاوا دوربخرێتەوە، بەڵام سەرۆکی حکومەت تێگەیشتنێکی تاڕاددەیەک ئەمنی ھەیەو دەیەوێت لەڕێی ئەنەکەسەوە مامەڵە لەگەڵ رۆژئاوادا بکات.
ھاتنی مەزلوم لەڕێی ئەمریکییەکانەوە بۆ باشور، پەیامێک بوو بۆ تورکیا کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەپشتیوانی رۆژئاوا بەڵام ئەمجارە لەرووی سیاسییەوە، ھەروەک ئەگەر پێشتر ھەوڵێک ھەبوو بێت بۆ ئاشتبونەوەی لایەنەکانی رۆژئاوا، بەنێوانگیریی یان لەژێر کاریگەری تورکیادا بووە، بەڵام ئەمجارە تورکیا ئەو کاریگەرییەی جارانی نابێت و دوردەخرێتەوە.