سەردێڕ:

ھاوبەشی پۆست و پارە

2/28/2021 11:38:41 AM
2376 جار خوێندراوەتەوە
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
+ -

لە سەروەختی پێش پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت، یەکێتی زۆرترین گفتوگۆی لەبارەی وەرگرتنی پۆستەکانی کابینەکەوە کرد و ھەر پێشنیاز و بۆچوونێکی لایەنە سیاسییەکانیشی بە دڵ نەبووایە، لێرەولەوێ لە پەیج و تۆڕەکانی سۆشیاڵمیدیا، بانگەشەی شەڕی پەخش دەکرد. ئەو رەفتارەیشی بۆ خەڵک نامۆ نییە، چونکە بابەتی ھەڕەشەکانی ئەو حیزبە، لەم حیزب و لەو لایەنی سیاسی، رەگوڕیشەیەکی دێرینی ھەیە. پێش راپەڕین و دوای راپەڕینیش، ھەرکات دووچاری شکستێک بووبێت، دەستی کردووە بە ھەڕەشەی چەکداری یان دروستکردنی ئاڵۆزی لەنێو لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەتی لە دوای راپەڕینەوە کاتێک ئەنجامەکانی یەکەم ھەڵبژاردنی بە دڵ نابێت، بە توندی دەست دەکات بە ھەڕەشەی ھەڵگیرسانەوەی شەڕ. سەرئەنجام ھەڕەشەکانی بوون بە راستی و دوای شەڕە چەکدارییەکەش، ئیدی شەڕی سارد و زۆرترین پۆستی کرد، بەڵام کاتێک پرسەکە دەگاتە ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لەناو حکوومەتدا، خۆی دەشارێتەوە و سەرکەوتنەکانیش لە رێگەی میدیاوە دەدزێت.

سێ ساڵ لەمەوپێش، مەلا بەختیار کە ئەوکات لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی بوو، لە پەیوەست بە رادەستکردنی دەسەڵات و دەسەڵاتی حیزبەکەی، ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێتی دەنگ زۆر بھێنێت یان کەم، ھەر یەکێتییە! کاتێک مەلا بەختیار ئەو قسەیەی کرد، یەکێتی تووشی شکستی سیاسی ببوو و نەیدەویست دان بە شکستدا بنێت و بەگوێرەی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن، پۆستەکان وەربگرێت. لەولاوەش گوشاری لە پارتی دەکرد تا زۆرترین پۆستەکان بدرێنەوە بە یەکێتی و لەناو یەکێتیشدا باڵەکان و بەرپرسەکان شەڕیان بوو لەسەر وەرگرتنی بەرکەوتەکانی حیزبەکەیان بۆ خزم و کەسوکاری خۆیان یان بۆ ئەو کادیرانەی لەخۆیانەوە نزیک بوون. واتە ئەو حیزبە لە یەککاتدا کێشەی لەگەڵ بەرکەوتەی ھەڵبژاردندا ھەبوو، ھاوکات نەیدەزانی چۆنچۆنی ئەو ھەموو داواکارییەی وەرگرتنی پۆست لەنێو کادیرەکانی یەکلا بکاتەوە وەک ئەوەی لە یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەماندا روویدا تا ئاستی ئەوەی خەریک بوو گرژیش لەنێوان باڵەکاندا دروست بکات. 


دەی بە ھەر شێوەیەک بوو، پارتی لە سەروەختی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمدا تەنازولی لە بەشێک لە بەرکەوتەکانی ھەڵبژاردن کرد و ئەوەبوو یەکێتییش بەشداری حکوومەتی کردەوە. بەڵام چۆن بەشدارییەک؟ وەڵامی ئەو پرسیارە، زۆر روونە، ھەر لە سەرەتای پێکھێنانی حکوومەتەوە باڵێکی یەکێتی بە توندی کەوتنە دژایەتی حکوومەت، قەیرانەکان و گرفتە داراییەکانیش بە ھی خۆی نازانێت و لەبری ھەوڵدان بە ھاوبەشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە پێچەوانەوە بەربەست لەبەردەم کارەکانی حکوومەت دروست دەکات و خۆی لەو بەرپرسیارێتییانە دەشارێتەوە کە وەک حیزبێکی بەشدار لە حکوومەت، پێویستە بیانگرێتە ئەستۆی خۆی. رێک بە پێچەوانەوە، ئێستا رۆڵی ئۆپۆزسیۆن وازی دەکات، بۆیە بەوپەڕی جورئەت و بە بەڵگەوە دەتوانین بڵێین ئێستا ئەو حیزبە ھاوبەشی پۆست و پارەی حکوومەتە، بەڵام ھەروەک کۆمەڵ و یەکگرتوو حەز بە شکشتی حکوومەت دەکات، بۆچی؟

ھۆکارەکان زۆرن، بەڵام دیارترینیان ئەوەیە، لاھور شێخ جەنگی بە بەرنامە کار بۆ لاوازکردنی پێگەی کوڕەکانی تاڵەبانی دەکات و ھەر سەرکەوتن و جووڵەیەکی سیاسییان بە دیاریکراوی ھی قوباد تاڵەبانی بە دژی خۆی دەزانێت. دروستە لەسەر شاشەکان ئەو راستییە دەشارنەوە، بەڵام لە پشتی پەردەوە بە توندی دژایەتی یەکدی دەکەن. ئینجا بەشێکی ئەو دژایەتییە کاریگەرییەکانی بۆ دەرەوە و بە تایبەتی بۆ سەنگەرگرتن لە حکوومەتیش پەڕیوەتەوە. بەمەش یەکێتی خۆی دووچاری دۆخێکی ئەوتۆ کردووە کە لەناو حکوومەتە و ئۆپۆزسیۆنیشە، بەمە خۆی کردووە بە حیزبێکی دووفاق و سەرئەنجام ئەو دۆخەش دووچاری پەرتەوازەییەکی تری دەکات، چونکە خەڵکی بۆ ئەوە دەنگ بە حیزبێک نادەن تەنیا پۆستەکان ببات و شەڕی وەرگرتنی پارە بکات، کاتێکیش دەستی بە پۆست و پارە دەگات، بۆ چەواشەکردنی خەڵک رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینێت. لێرەدا نموونەی بزووتنەوەی گۆڕانمان ھەیە کە کاتی خۆی ھەمان گەمەی کرد، پۆست و پارەی وەرگرتن و بەشێکی زۆری کادیرەکانیشی شەوانە وەک ئۆپۆزسیۆن قسەیان کرد، سەرئەنجام سەرۆکی پەرلەمانەکەی لەدەستدا و ژمارەی کورسییەکانیشی بۆ نیوە دابەزین، چونکە گەل سزای ئەو جۆرە حیزبانە دەدات کە بەرپرسیارێتی ھەڵناگرن.