سەردێڕ:

بەرھەم و داھاتی ھەرێم لە مانگی تشرینی یەکەمدا

12/2/2020 10:15:01 PM
3300 جار خوێندراوەتەوە
یادگار سدیق گڵاڵی
+ -

لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا لە مانگی ئازاری ڕابردوودا حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا نەوتییەکانی راگەیاند، کە بەشێوەی مانگانە شایستە داراییەکانیان پێدەدات، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا ھەرێم بەشێوەیەکی بەردەوام ھەموو مانگێک و لەکاتی خۆیدا شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان بەبێ دواکەوتن دەدات. تا ئێستا  ھەشت مانگ لەسەر یەک شایستەکان وەرگیراوە، دواترینیان شایستەی مانگی تشرینی یەکەمە. لە ھەمانکاتدا و زۆر لە پێش ئەو بەروارەوە و تا ئێستاش شایستەی فەرمانبەرانی ھەرێم دواش دەکەوێت و لێشی دەبڕدرێت و پێشتریش بۆیان پاشەکەوت دەکرا.

لێرەدا بڕی شایستەی ئەو کۆمپانیا نەوتییانە بڵاودەکەینەوە کە زانیاریمان لەسەری دەستکەوتووە، لە گەڵ نوێترین زانیاری لەسەر ئاستی بەرھەمیان، لە ھەمان کاتیشدا ئاستی بەرھەمی ئەو کێڵگانەی کە کۆمپانیاکانی تر شایستەکانیان رانەگەیاندووە بە گریمانەیی ئاستی شایستەکانیان دیاری دەکەین (تەنھا سێ کۆمپانیان).

١- کێڵگەی تاوکی (تاوکی – پیشخاپور)
ھەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی و کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکی لە کێڵگەی تاوکی خاوەن پشکن. شایستە دارایی ئەو دوو کۆمپانیایە لەو کێڵگەیە بۆ مانگی تشرینی یەکەم بریتی بووە لە ٣٢,٨ ملیۆن دۆلار، لەم بڕە ٢٤,٧  ملیۆن دۆلاری پشکی دی ئێن ئۆ بووە و بڕی ٨,١ ملیۆن دۆلار پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجییە. دی ئێن ئۆ خاوەنی ٧٥٪ی پشکەکانە و گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی ٢٥٪ی پشکەکانە.

کێڵگەی تاوکی بەرھەمی لە چارەکی یەکەم و دووەمی ٢٠٢٠دا بریتی بووە لە ١٠٠ ھەزار بەرمیل، بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ ئاستی بەرھەمی کێڵگەکە لە چارەکی سێیەمدا ١١٣ ھەزار و ٧٠٠  بەرمیل بووە لە رۆژێکدا. شایانی ئاماژەپێکردنە حکومەتی ھەرێم لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٧دا وازی لە ٢٠٪ی پشکەکانی خۆی ھێناوە لە بری قەرزی ئەو دوو کۆمپانیایە کە لای حکومەت ھەیان بووە لە پێش ئەو بەروارەوە.

٢- کێڵگەی تەق تەق
کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی خاوەن پشکی ٤٤%ی کێڵگەی تەقتەقە و کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی ٣٤%ی ھەیە و بەیەکەوە کۆمپانیای (تی تی ئۆ پی سی ئۆ) پێکھێناوە و کۆمپانیای سەرکارە لە کێڵگەکە. شایستەی دارایی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بۆ مانگی  تشرینی یەکەم  بریتی بووە لە چوار ملیۆن دۆلار، لەم بڕەش ٢٫٢ ملیۆن دۆلار پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجییە و ئەوەشی دەمێنێتەوە کە دەکاتە ١,٨ ملیۆن دۆلار، پشکی ئاداکس پەترۆلیۆمە. بەرھەم لەم کێڵگەیە بریتییە لە ١١,٢٦٠ بەرمیل.

٣- کێڵگەی شێخان
لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای (ئێم ئۆ ئێڵ)ی ھەنگاری و گۆڵف کیستۆنی بەریتانی پێکەوە ٩,٦ ملیۆن دۆلار شایستەی مانگی تشرینی یەکەمیان وەرگرت، بە پێی بڵاوکراوەی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن، بڕی ٧٫٥ ملیۆن دۆلار پشکی ئەوان بووە و ئەوەشی دەمێنێتەوە بۆ کۆمپانیای (ئێم ئۆ ئێڵ) دەبێت کە دەکاتە ٢٫١ ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ی پشکەکان و (ئێم ئۆ ئێڵ) پشکی ٢٠٪ی ھەیە لە و کێڵگەیەدا. ھەروەھا بەپێی نوێترین زانیاری ئاستی بەرھەمی رۆژانەی کێڵگەکە زیادیکردووە و لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا گەیشتووەتە ٣٩ ھەزار بەرمیل.

٤- کێڵگەی ئەتروش 
کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لەو کێڵگەیەدا بریتی بووە لە ١٦,١ ملیۆن دۆلار. لەم بڕە کۆمپانیای شاماران کە خاوەنی پشکی ٢٧,٦%یە، بڕی ٥،٤٤ ملیۆن دۆلاری بەردەکەوێت. ئەوەی دەمێنێتەوە شایستەی کۆمپانیای تاقەی ئیماراتییە کە خاوەنی ٤٧,٤%ی پشکەکانە پشکی شایستە داراییەکەی دەکاتە ١٠,٦٦ ملیۆن دۆلار. ئەوەی دەمێنێتەوە پشکی ھەرێمە. تێکڕای بەرھەمی کێڵگەکە لە چارەکی سێیەمی  ٢٠٢٠دا بریتی بووە لە ٤٦,١ ھەزار بەرمیل. بەرزترین ڕێژەی بەرھەم لە ٢٠٢٠/٣/٢٧دا بووە کە گەیشتووەتە ٥٤ ھەزار و ٥٥ بەرمیل نەوت.

٥- کێڵگەی سەرسەنگ:
کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن)ی ئەمریکی کە وەبەرھێنان دەکات لە کێڵگەی سەرسەنگدا بۆ ٩ مانگی یەکەمی ٢٠٢٠ بڕی ٨٥,٢ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە (تەنیا پشکی ئێچ کەی ئێن) ئەمە جگە لەوەی لە مانگی تشرینی یەکەم بڕی ٩,٥ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە، پشکی (کەی ئێچ ئێن) لەم کێڵگەیە بریتییە لە ٦٢% ھەروەھا کۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەرەنسی پشکی ١٨%ی کێڵگەکەی ھەیە و ھەرێمیش ٢٠%.

بە ھەڵسەنگاندنی ئێمە پشکی کۆمپانیای تۆتاڵ لە شایستەکان ٢،٧٦ ملیۆن دۆلار دەبێت، بەمەش کۆی شایستەی کۆمپانیاکان لە کێڵگەی سەرسەنگ ١٢،٢٦ ملیۆن دۆلار دەبێت. ئاستی بەرھەمی کێڵگەکەش رۆژانە بەرزبووەتەوە بۆ ھەزار و ٢٠٠ بەرمیل نەوت و بەڕێژەی ٦% زیادی کردووە.

٦- کێڵگەی سەرتە
کێڵگەی نەوتی سەرتە دەکەوێتە پارێزگای ھەولێرە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی پشکی ٥٠٪ و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و ھەرێم ٢٠٪ی ھەیە. بۆ یەکەمجار لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمەوە کەوتە بەرھەمھێنان، بەو ھۆیەشەوە لانیکەم بڕی پێنج ھەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە لەو کێڵگەیە بۆ بەرھەمی ھەرێم زیاد دەبێت.

کۆمپانیاکان ڕایان نەگەیاندووە کە بەرھەمی کێڵگەکە چەندە لە ئێستادا بەڵام بەپێی گرێبەستەکان و یاسای نەوت و گازی ھەرێم کاتێک بەرھەمی کێڵگەیەک دەگاتە پێنج ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە بەرھەمی بازرگانی ئەژمار دەکرێت. بۆیە دەبێت بەرھەمی سەرتە لانی کەم ڕۆژانە پێنج ھەزار بەرمیل نەوت بۆ بەرھەمی ھەرێم زیاد بکات.

 ٧- کێڵگەی ھەولێر
کۆمپانیای (ئۆرێکس) لە کێڵگەی ھەولێر بەرھەمھێنان دەکات، بەشێوەی وەرزی کۆمپانیا چالاکییەکان و ئاستی بەرھەم بڵاودەکاتەوە، بەڵام شایستەکانیان لە دووتوێی ڕاپۆرتەکانیاندا ڕادەگەیەنن نەک بەجیا. زۆرترین بەرھەمی ئەم کێڵگەیە ١٤ ھەزار بەرمیل بووە. لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەرھەمی بۆ چوار ھەزار بەرمیل کەمیکرد، بەھۆی داخستنی چەند ناوچە و چەند بیرێکەوە، بەڵام لە چارەکی دووەمدا بەرھەمی زیادیکردووە، بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکە لە مانگی تەمموزدا  بەرھەمی بەرزبووبێتەوە بۆ ١٠ ھەزار بەرمیل و لە ئابدا بۆ ١١ ھەزار و ٧٠٠ بەرمیل و لە مانگی تشرینی یەکەمدا بۆ ١٣ ھەزار و ٣٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە.

٨- کێڵگەی گەرمیان
کۆمپانیای گازپرۆم لە گەرمیان وەبەرھێنان دەکات تەنھا زانیاری لەسەر بەرھەمی بڵاوکراوەتەوە نەک شایستەی دارایی، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ئاستی بەرھەمی گەرمیان نزیکەی ٣٥ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە، بەڵام لە ڕاگەیەنراوێکدا لە نیوەی دووەمی مانگی تشرینی دووەمدا ڕایگەیاند، کە بەرھەمی ئێستای ٢٤ ھەزار بەرمیلە و لە پلانیاندایە ئاستی بەرھەم تا نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ بگەیەننە ٣٢ ھەزار بەرمیل. بەمپێیە بێت ئێستا ئاستی بەرھەمی ئەو کێڵگەیە بەراورد بە سەرەتای ساڵ بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. نەوتی ئەم کێڵگەیە بە تەنکەر دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگای ھەولێر و لەوێوە داخڵی ھێڵی بۆری ھەرێم دەکرێت.

٩- کێڵگەی خورمەڵە
 کۆمپانیای کار کە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە لە کێڵگەی خورمەڵە کۆمپانیای سەرکارە، تائێستا ھیچ زانیارییەک لە سەر جۆری گرێبەست و ئاستی بەرھەم و چالاکییەکانیان بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام یەکێکە لە کێڵگە گەورەکان و بە گەورەترین کێڵگەی بەرھەمھێن لە کوردستان ئەژماردەکرێت بەرھەمی لە نێوان ١٦٠ بۆ ١٧٠ ھەزار بەرمیلێک مەزەندە دەکرێت. شایستەی کۆمپانیای کار بەراورد بە کۆمپانیاکانی تر دەبێت کەمتر بێت چونکە ھاتووەتە سەر کێڵگەی ئامادە لە خورمەڵە و وەرگرتنەوەی خەرجییەکانی وەکو کۆمپانیاکانی تر زۆرنییە.
چەند کێڵگەیەکی تری نەوت و گازیش ھێشتا لە قۆناغی گەڕان و پشکنین و قۆناغی پێش بەرھەمھێناندان.

کۆی بەرھەم و شایستەکان
لێرەدا دەگەینە ئەو دەرەنجامە کۆی بەرھەمی ئەو کۆمپانیایانەی بەرھەمیان ڕاگەیەنراوە جگە لە کۆمپانیای کار ڕۆژانە ٢٧٦ ھەزار و ٥٦٠ بەرمیلە، گەر کاریش ١٧٠ ھەزار بێ، ئەوا کۆی بەرھەم ٤٤٦ ھەزار و ٥٠٠ بەرمیل نەوت بووە.

تێکرا نرخی نەوتی برێنت لە مانگی تشرینی یەکەمدا بریتی بووە لە ٤٠٫١٩ دۆلار. بەپێی ڕاپۆرتەکان ھەرێم بە ١٠ دۆلار لە ژێر ئەو نرخەوە نەوتەکەی دەفرۆشێت. کەواتە گەر بە ٣٠ دۆلار نەوت فرۆشرابێت و بەرھەم بریتی بووبێت لە ٤٤٦ ھەزار و ٥٠٠ بەرمیل ئەوا بەرھەمی ھەرێم لە مانگەکەدا ١٣ ملیۆن و ٤٨١ ھەزار بەرمیل بووە و بەکۆی داھاتی ٤١٥ ملیۆن و ٢٤٥ ھەزار دۆلار.

گەر ٧ دۆلار بۆ گواستنەوەی ھەر بەرمیلێک رۆیشتبێت ئەوا کرێی گواستنەوە دەکاتە ٩٦،٩ ملیۆن دۆلار، کۆی ٢٣٪ی داھاتی فرۆش پێکدەھێنێت و ڕێژەیەکی زۆر زۆرە.

کۆی بەرھەمی ئەو پێنج کێڵگە نەوتییەی کە شایستەکانیان ڕاگەیەنراوە ٢٣٤ ھەزار و  ٢٦٠ بەرمیلە کە دەکاتە نزیکەی ٥٣%ی کۆی بەرھەمی ھەرێم. کۆمپانیاکانی نەوت بڕی نزیکەی ٧٤ ملیۆن و ٧٦٠ ھەزار دۆلاریان وەک شایستەی دارایی ( خەرجی و قازانج). کە دەکاتە ٣٤٪ی داھاتی ئە ٥٣٪ی بەرھەم.

کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە پێدەچێت گرێبەستی خزمەتگوزاری ھەبێت و بەوپێیەی خەرجی سەرمایەی بەراورد بە کۆمپانیاکانی تر کەمترە بە گریمانەیی ٢٥ ملیۆن دۆلارمان داناوە دەکرێت کەمتر یان زیاتر بێت.

گازپرۆم بەرھەمی لە کێڵگەی گەرمیان کەمترە لە بەرھەمی کێڵگەی شێخان گەر بەھەمان بڕ شایستەی وەرگرتبێت ئەوا بڕی ٩,٦ ملیۆنی بەگریمانەیی وەرگرتووە.

کۆمپانیای ئۆرێکس لە کێڵگەی ھەولێر کە جۆری نەوتەکەی بەراورد بە کێلگەی تەقتەق قورسترە واتە نرخی فرۆشی نەوتەکەی کەمترە و ئاستی بەرھەمیشی نزیکە لەکێڵگەی تەق تەقەوە گەر بەگریمانەیی بڕی ٣,٤ ملیۆنی بۆ دابنێن، ئەوا کۆی شایستەی ئەم سێ کێڵگەیە بەگریمانەیی دەکاتە ٣٨ ملیۆن دۆلار.

کەواتە بە نزیکەیی ئەو داھاتەی گەڕاوەتەوە بۆ ھەرێم لە فرۆشی نەوتی مانگی تشرینی یەکەم دەبێت بریتی بووبێت لە ٢٠٩ ملیۆن دۆلار.

لێرەدا جێی خۆیەتی بپرسین، دەبێت کەی موچەخۆرانی حکومەتیش بەھەمان شێوەی کۆمپانیا نەوتییەکان شایستەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن؟