سەردێڕ:

حکومەتی ھەرێم لە نێوان رووخان و چاکسازیدا!

12/3/2020 12:32:15 PM
3079 جار خوێندراوەتەوە
ئارێز عەبدوڵا
+ -

دووەم-  دەسەڵاتی دادوەری 
 بایەخی دەسەڵاتی دادوەری لە بایەخی دەسەڵاتەکانی تر کەمتر نییە، چونکە پایەیەکە لە پایەکانی حوکمڕانی سەردەم. لە ھەر وڵاتێکیش دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێ، دەسەڵاتەکانی تریش بەرێک و پێکی بەڕێوە دەبرێن، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی دادوەری  لایەنداریی سیاسی و دەسەڵاتداران بێ ئەوا نەک ھەر حکومەت خواروخێچ دەڕوا، بەڵکو کۆمەڵگەش رووبەڕووی قەیرانی گەورە دەکاتەوە.

دەسەڵاتی دادوەری ھەیە، لەناو ئەو دەسەڵاتەش دەیان دادوەری پسپۆڕ، دڵسۆز، زانا، بەئەزمون و لێھاتوو ھەن، بەڵام بەداخەوە ئەو پایە سەرەکییەی حوکمڕانی لە ئاستی ئەرکە مێژووییەکانی سەرشانیدا نییە. چونکە بەحزبی کراوە و حزبیش لە پێناوی بەرژەوەندیی خۆی و سەرکردەکانی گوێ بە پێشێلکردنی یاسا و بێ بایەخکردنی یٔەو دەسەڵاتە گرنگە نادا!

رەنگە ھەبێ بڵێ ئەم حوکمە قوڕس و سەرتاپاگیرە ناڕەوایە، بۆیە لێرەدا دەڵێـم مەبەستی من ئەوە نییە کە ھەموو کاروباری دادگاکان نارێکن، نا بەپێچەوانەوە بەپێی تایبەتمەندیی کاری زۆر باش دەکرێ، بەڵام شێوازی پێکھێنانی دامەزراوەکانی دەسەڵاتی دادوەری، چاو سورکردنەوە و لەبەرچاو نەگرتنی لێھاتوویی و شایستەیی لەبەرامبەر وەلا و ملکەچی مۆرکێکی زەقە بەسەر ئەو دامەزراوە گرنگەدا.

کەس نییە نەزانێ گەندەڵی تا سەر ئێسقان چووە و خەریکە نەک تەنیا پەیکەری دەسەڵات دادەرزێنێ، بەڵکو کاری کردۆتە سەر تەونی کۆمەڵایەتیش.

ئایا ئەگەر دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و بێ لایەن بێ  ناتوانێ سنورێک بۆ ئەو دیاردە مەترسیدارە دابنێ؟

ئایا لەناو دامەزراوەی دادوەری ھێز و توانایەکی وانییە کە لەوبواردا یٔەسپی تاوبدرێ و شانازی بۆ خۆی دەستەبەر بکا؟

دڵنیام ئەگەر دامەزراوەی دادوەری سەربەخۆ، بێ لایەن بێ و لە جیاتی فشار خستنەسەر دادوەران و لێکۆڵەرەوان ھان بدرێن و پشتیوانی بکرێن ئەو دامەزراوەیە دەتوانێ رۆڵێکی کارا و کاریگەر لە نە روخانی حکومەتی ھەرێم بگێرێ.

ئەی حکومەت!
ئەی حزبەکان!
ئەی دەسەڵاتداران! 
وەرن تەنیا دەست لەناو کاروبارەکانی دادوەری ھەڵگرن و ھانی دادگا و لێکۆڵەر و دادوەران بدەن کە بەدوای ھەموو کەیسەکان دابچن و بەپێی یاسا و لە ژێر رۆشنایی دەسەڵاتەکانی دادوەریی بڕیار بدەن. بزانن چۆن شکۆی سیستمی حوکمڕانی بە گشتی و دەسەڵاتی دادوەری بەتایبەتی دەشەکێتەوە؟

ھەرێمی کوردستان بەناو کۆمەڵێک قەیراندا تێدەپەڕێ، بەڵام ھیچ قەیرانێک لە قەیرانی بێ متمانەیی نێوان دەسەڵات و ھاوڵاتییان مەترسیدارتر نییە.

دەسەڵاتداران ئێوە دەتانەوێ متمانە بگەڕێتەوە؟
ئەگەر دەتانەوێ وەرن لە جیاتی بێ باکی، پوش بەسەرکردن، ڕاونانی چالاکە مەدەنیەکان و رۆژنامەنوسان. ھانیان بدەن رۆڵی خۆیان بگێڕن، داواکاریەکانیان لەبەر چاو بگرن، زانیارییەکانیان لە دادگاکان ساغبکەنەوە. ئەو کات دەزانن چۆن متمانە دروست دەبێتەوە.
 ئەگەر دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ و بێ لایەن بکرێ بەدڵنیاییەوە ئەو دەسەڵاتەی خۆمان نەک ھەر ناروخێ، بگرە ھەنگاوێکی زۆر گەورەش بەرەو پێشەوە دەنێ.

ئایا حکومەتەکە بڕوخێ باشترە یان ژمارەیەک دەسەڵاتدار و بەرژەوەندیخواز رووبەڕووی سزا بکرێنەوە؟