سەردێڕ:

ریفراندۆم لە نێوان مەسعود بارزانی و شاسوار عەبدولواحیددا

9/24/2020 10:41:08 PM
10676 جار خوێندراوەتەوە
ڕێبوار چەلەبى
+ -

گەلی کورد زیاتر لە سەد ساڵە، خەبات لەپێناو ئازادیی و سەربەخۆیدا دەکات. گەورەترین میللەتە لەسەر زەویدا، وەکو (ئەمازیخەکانی ئەفریقا) تائێستا دەوڵەتی نییە. بەری رەنجی ئەو خەباتە، بەرواری ٢٥/٩/٢٠١٧ بەڕێز مەسعود بارزانی یەکلایەنە و بێ ھیچ ئامادەکارییەکی پێشوەختە بڕیاری ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانی دا و ھەموو سەرکردەی حیزبەکانی تری کوردستان بە حیزبی حکومڕان و بەرھەڵستکارەوە وەدوویکەوتن و بە زمانی حاڵ ھۆنراوەکەی ھەژارموکریانیان دەووتەوە، "بۆ پێشەوە پێشمانکەوە بارزانی".

زۆربەی ئەو سەرکردانە بە عەلمانی و ئیسلامیەوە، لە چەپەوە بۆ راست، بەبێ بوونی بەرنامەی داڕێژراو و پلانی ستراتیجی، بە سینەسافی کوردەواری و بە گیانی خۆشباوەڕانە، بەڵێیان کرد و زۆربەشیان بە خەستی چوونە ژێربار و بەشێوەی ھیستری و شاگەشکانە چوونە شایی و لۆغانی کەرنەڤاڵەکانی دامەزراندنی دەوڵەتە یۆتۆپیاکەوە و مەلعەبەکانیان پڕکرد لە دەروێشەکانی کوردایەتی، ھەریەکە و بە ڕەنگی حیزبی خۆیەوە!

واشیان راگەیاند وڵاتانی دنیا پشتیوانن و ھەموو شت بڕاوەتەوە (ئاو بێنە و دەست بشۆ)
لە بەرامبەردا بەڕێز شاسوار عبدولواحید پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمەکە و ھەستکردن بەو ھەڵە ستراتیجیە لە ٨ی ئابی ساڵی ٢٠١٧ (بزوتنەوەی نەخێر لە ئێستادا)ی راگەیاند.

لە کۆڕ و سیمینارەکاندا مەترسی پرۆسەکە و ھەڵەکانی ھەنگاوەکەی دەخستەڕوو:

١- ناوماڵی کورد رێکنەخراوەتەوە و ھێزە سیاسییەکانی ناکۆک و دژبەیەکن، پارتی و یەکێتی ھۆکاری سەرەکین.
٢- وڵاتانی زلھێز و ھەرێمایەتی لەگەڵیدا نین و کاتەکەی بە گونجاو نازانن.
٣- ھیچ بنەمایەکی ئابوری و سەربازی و سیاسی و دبلۆماسی بۆ دانەمەزراوە.
٤- ریفراندۆمەکە بۆ مەبەستی کەسیی و حیزبیە و بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردیی نییە.
٥- لە دوای راپرسیەکە راستەوخۆ کاردانەوەی توندی ئەنکەرە و تاران و بەغدادی لێدەکەوێتەوە و میللەتەکەمان دوچاری مەترسی سەربازی و ئابوری دەبێتەوە.

ئەوەبوو رۆژی دیاریکراو، ریفراندۆم ئەنجامدرا و ھەموو ھەڕەشە و پێشبینییەکانی مەسعود بارزانی ھەرەسی ھێنا و سەرئەنجام بە ناچاریی لە پۆستی سەرۆکی ھەرێم دوورکەوتەوە و ٪‏٥١ی خاکی کوردستان لەدەستدرا و سەرانی ریفراندۆمیش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون و کوردستانیان دوچاری دەیان قەیرانی ناڕەوا و شکستی جۆراوجۆر کرد و ھەتا ئەمڕۆش گەلی کورد باجی ئەو ھەڵە ستراتیجییە دەدات کە ریفڕاندۆمچیەکان کردیان و لەبری دادگایی و دوورخستنەوەیان بۆ ھەتاھەتایە لە کاری سیاسی، کەچی لەپرۆسەی خۆسەپاندن بەسەر ھەرێمەکەدا بەردەوامن و وەک ئەوەی (نەبایان دیبێ و نە بۆران)!

لە بەرامبەردا، شاسوار عبدولواحید سەرجەم بۆچوونەکانی راست دەرچوون، سەرباری ھەڕەشە و گوڕەشەی سەرانی ریفراندۆم، جوڵانەوەیەکی ناڕەزایی دروستکرد و متمانەی بەشێکی زۆری جەماوەری ھەرێمەکەی بەدەستھێنا و ئێستا (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) بووەتە سەرقافڵەی ناڕەزایی شەقام و بێترس خەبات بۆ لادانی ئەو دەسەڵاتە شکستخواردووە دەکات، کە لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی ھەرێمەکەدا جگە لە ماڵوێرانی ھیچی دیکەیان بەدەستەوە نەماوە.