سەردێڕ:

ئێمەی پاكی نەحەساوە..

3/8/2021 7:27:08 PM
2155 جار خوێندراوەتەوە
ئاریان فەرەج
+ -

قسەی قەشەیەکی لوبنانیم بیرناچێتەوە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لە وەسفی ئەم مەفتەنەی ئێمەدا گووتی: کوردستان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا تاکە سەرزەمینی زۆرینە موسڵمانە کە پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە لە جیاتی لێی رابکەن، بۆی رادەکەن.

پیشوازیی کەموێنەی پاپا و قوداسەکەی یاریگای فەرنسۆ ھەریری، ھەولێری بێ ناولێنان، وەک پایتەختی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئایینەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەجیھان ناساند. پایتەختی ھەرێمێکی رووسوور و نموونەی رێزگرتنی باوەڕی جیاجیای ئینسانەکان، بەلام لە ھەمان کاتدا پایتەختی گەلێکی قەیرانبار و مافخوراو و نەحەساوە..

ئەم دژبەرییە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ، ئەم خاکە بۆ لەیەک کاتدا ھەم ستایشکراو و رووسوورە و ھەم مافخوراو و گیرۆدە؟ چۆن بە سادەیی لەم ھاوکێشە ناھاوسەنگە تێبگەین: 

لە شەرحی ستاییشدا:

ئەو موسڵمانە!ی راونانی غەیرە دین و غەیرە مەزھەبێک وەک دەرفەتی بەدەستھێنانی ئەجر و سەواب دەبینێ و کەچی موسڵمانەکەی کوردستان پاراستن وداڵدەدانی ھەمان غەیەرەدین ومەزھەب بە دەرفەتی لەخۆ رازیکردنی خودا دەبینێ، سەربە دوو تێگەیشتن و دین و دنیابینیی جیاوازن، بۆیەش سەیر نییە لێرە لێبوردەیی ھەبێ و لەوێ نا، لەوێ خەڵک ھەڵین و لێرە ئۆقرەبگرن. ئێرە سوپاس بکرێ و داوابکرێ چاوی لێبکرێ، لەوێش داوا بکرێ مافی مان بە پەیڕەوانی دینەکانی دیکە رەوا ببینرێ. لێرە پاپا لەبەردەم مەلایەکی کورد بچەمێتەوە و لەوێش بە چاوی پر عەتەبەوە فرمێسک بۆ بەناحەقکوژراوانی کەنیسەی نەجات بڕیژێ. بەسەر ئێرەدا ستایش ببارێنێ و بەسەر ئەوێدا ئامۆژگاری و گلەیی.

ئێمەی کوردی موسڵمانی ئەم نیشتمانە کە ساڵەھای ساڵ لەگەل پەیرەوانی ئایینەکانی دیکە لە یەک جام تاڵی جەور و بندەستی و چەوسانەوەمان چەشتووە، مزگەوت و کەنیسەمان پێکەوە سوتاون، لێبوردەیی ئایینیمان زادەی ئەو مێژووە ھاوبەشەیە کە بۆتە باوەڕ و فەرھەنگ و پەروەردە، بۆیەش رەگداکوتاوە.

ئێمە پاکین.. پاکی بەو مانایەی دەستی موسڵمانانەمان بە خوێنی ھیچ ئایینپەروەرێکی دیکە سوور نییە، دەستی میھرەبانیمان بە ھانای ھەموانەوە چووە، بۆیەش پاپا لە ناخێکی راستگۆیانەوە بوو کە دوو جار داوای لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد وەک گەلێکی بەخشندە و میھرەبان، دوعا و نزا بۆ ئەویش بکەین..

لە شەرحی گیرۆدەییدا:

ئێمەی کوردی پاک، ئێمەی میھرەبان بەرامبەر ھەموان، ئێمەی فریادڕەس و داڵدەدەری لێقەوماو و ستەمدیدان، ئێمەی ستایشکراوی گەردەن ئازاد، لە ئاست ھەمووان سنگکراوە و لێبوردەین جگە لە خۆمان. بۆ ھەموان سەرفی نەزەر و گیانی بەخشین شک دەبەین، جگە لە خۆمان. لە ھەموان وەک نەتەوە و میللەت دەڕوانین و لە خۆمان وەک ئەحزاب و فیرقە و تیرەی سیاسی ناکۆک و پێکەوە نەکڵۆک، بۆیەش ھەر نەحەساوە و چاولەڕێ و قەیرانبار و مافخوراوین.

ئێمە داوا لە دونیا دەکەین وەک یەک نەتەوە و میللەت بمانبینن و مافمان پێرەوا ببینن، بایی ئەو رەوا بینینە و زیاتریش قوربانیمان داوە و شایستەیی و ئیرادەی ژیان و بنیاتنان و پیشکەوتنمان سەلماندووە، بۆیە داواکەمان رەوایە و ھەر ئەوەندەی کەمە ئێمە خۆشمان وەک یەک نەتەوە و یەک میللەت خۆمان نمایش بکەین نەک پەتەوازە و لێکترازاو، بەڵام ئایا ئەوە دەکەین!!. 

تا ئەوە نەکەین .. ھەولێرەکەی ئێمە ھەم پایتەختی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئازادانەی دین و نەتەوە و ناسنامە جیاوازەکان بووە و دەبێ، ھەم پایتەختی گەلێکی مافخوراو و قەیرانبار و نەحەساوە و رەنج بەخەسار..