سەردێڕ:

سلێمانی شاری شاران، شاری شۆڕش و بریسكە رۆشنبیرییەكان

9/19/2020 4:51:37 PM
3866 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+ -

سلێمانی لە سەروو ئەو وانانەوە دێت کە پێویستە لە رابردووەوە فێری ببین، کە چۆن بەدەستھێنانی بەرھەمی زانستی و رۆشنبیرییەکی خاوەن ماھییەتی شۆڕشگێری کردووە بە گرنگییەکی ژیانی و پێویستییەکی دەست بەرلێنەدراوی خۆیەوە.

سلێمانی ئەو شارەی کە گەڕانەوە بۆ مێژووەکەی فێرکەر و ئەزموون بەخشتر ئەبێت بۆ ئێمە و نەوەکانی داھاتووش ھەر لەبەر ئەم ھۆکارەشە کە پێی دەڵێین شاری رۆشنبیری، سەرباری سەرجەم ھەوڵەکانی سوین و پوکانەوە و لەناوبردنی ئەم شارە، بەڵام بە سیفەتی سروشتی رۆشنبیری و شۆڕشگێڕییەکەی ھەمیشە بەردەوامی بە ھەبوونی خۆی داوە لە چەسپاندنی مانا و ناوەڕۆکی خودی سیاسەت و ھونەر و ئازادی، ھەرچی خودی ئازادی و پێکەوەژیانە نزیکایەتی لە حەقیقەتێک دێنێتەوە یاد، بەھۆی ئەم فاکتەرانەیە کە دەڵێین بەدرێژایی مێژووی سلێمانی مەیلی زاڵی بەرخودان بووە نەوەک ملکەچکردن و ھەردەم ھێزی رۆڵ بینینی ھەبووە لە سیاسەت و شۆڕشە یەک لە دواییەکەکاندا و ھەمیشە دۆخێکی نەرێنی ھیوا شکێنی بۆ دوژمنان و ئەوانەش دروستکردووە کە چاویان بەم شارەدا ھەڵنەھاتووە.

ھۆکاری ئاماژەدانم بەو کورتە مێژووییەی سلێمانی ئەوەیە کە سەرباری ئەوەی ئەم شارە میراسێکی ھێژا و بەھاداری بۆ بە جێھێشتووین، بەڵام بەپێی پێویست ئاوڕ لەم شارە نەدراوەتەوە و دەسەڵاتی سیاسی و حکومڕانی تیایدا بەسەر چەندین بەرپرسی دەست رۆیشتوو دابەشبووە بە جێگای دەیان تۆڕی بازرگانی لە دەرەوەی یاسا و رێساکان، بێگومان ناوەندەکانی دەسەڵات و حیزب بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو تۆڕانەدایە کە ئەرک و ئامانجیان پڕکردنی گیرفانی بەرپرس و  زیاتر تاڵانکاری سامانی سروشتی ئەم ھەرێمەیە. بێگومان وەک چۆن نەوت بە درێژایی دەسەڵاتی کوردی بووە بە نەفرەت بۆ ھاوڵاتیانی ئێستاش دەسەڵات لەرێگەی گرد و پێدەشتەکانی ئەم شارە و نەھێشتنی سروشتی سەوزاییەوە لە ھەوڵی دروستکردن و زیاتر کردنی نەفرەتێکی دیکەیە بۆ ھاوڵاتیانی، ئەوەی بەرامبەر بە سلێمانی ئەکرێت و بێ دەنگ بوونی لێی واتای بەردەوامیدان و کار ئاسانییەکی زیاترە بۆ دەسەڵاتێکی کلیپتۆکراتی کە بەناوی موزایەدەی کوردایەتییەوە ھەمیشە لە ھەوڵی پێگە سیاسی و بازرگانییەکانی خۆیاندان.

پێویستە لەبیری نەکەین ئەگەر شۆڕشی رۆشنبیری و زھنییەت روونەدات ئەوا ھیچ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی روونادات، بێگومان لە شۆڕشەکانی کوردستانیشدا سلێمانی بە مەیدانی شۆڕشی رۆشنبیری و زھنییەت دائەنرێ کە چۆن لە میانەی ھەوڵە رەسەن و خەیاڵەکانی ئەڵتەرناتیڤی بوونەوە بەھای ژیانێکی ئەخلاقی و ئەستاتیکا و دەستکەوتێکی زھنی دروست بکات، بۆئەوەی ئەو دەستکەوتە لە زھنییەت و ژیان بکاتە پراکتیکی بەرەو پێشچوونی خۆی، بەڵام ئەوەی ئێستا لەم شارەی شۆڕش و بریسکە رۆشنبیرە بەدی ئەکرێ پێچەوانەی ئامانجە مێژووییەکەیەتی کە روبەروی قوتدەری حەقیقەت و چاوبرسییەکانی بەکاربردنی سەرمایە و سروشتەکەی و فاکتەرەکانی قازانج پەرەستی کەسانی دەست رۆییشتووی حیزبەکان بوونەتەوە .

ئێستا لەرووی حەقیقەتەوە سلێمانی بووە بە شاری خەیاڵەکانی ھاوڵاتیانی و شاری بەکاربردنی بەرپرسەکانی، ناوھێنانی ئەم شارەش بە پایتەختی رۆشنبیری لەلایەن دەسەڵات و حیزبەکانەوە تەنھا خەیاڵێکە کە خەڵک و نوخبە رۆشنبیرەکەی پێ خۆشنود ئەکرێ، چونکە واقیع و کردەکانیان لەگەڵ وتار و دروشمەکانیان ئێجگار جیاواز و لێک دوورن، لێرەدا ئەو پرسیارەی بایەخدار ئەبێت ئەوەیە کێ بەرپرسی بەتاڵان بردن دژە ئاوازی مێژووی ئەو شارەیە، لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای ئەم پرسیارە ئەو وەڵامەمان بۆ ئەخاتەروو کە دەسەڵاتە کلیپتۆکراتییە و ئەو ھێزانەشی کە بەشدارن لە حکومەتی خۆجێیدا بەرپرسن بەپێی قەبارەی دەسەڵاتیان، بۆیە ھەر بێدەنگی و خۆ لادانیان لە بەرپرسیارێتی بە مانای ھاوبەشێتیان دێت لەو چەپۆکە توندانەی پاوانەکانی سەرمایە و دەسەڵات کە بەسەر سلێمانیدا ئەھێنن.