سەردێڕ:

بەرەو ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ٢٠٢٠

10/31/2020 10:14:23 PM
3461 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ ڕەئووف
+ -

لە ٣ تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکایە، ئەم پرۆسەیە نەک ھەر لە ئەمریکا گەرچی ئەمساڵ بە ھۆی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ ەوە جیاوازە لە جاران، بەڵام لە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیھانەوە بە وردی چاودێری دەکرێت و قسەی لەسەر دەکرێت.

ڕەنگە بپرسن باشە بۆ؟ لەوەڵامدا دەبێژم لەبەرئەوەی ئەمریکا ڕۆڵی پۆلیسی جیھان دەبینێت، سیاسەتەکانی کاریگەری لەسەر ژیان و ئایندەی گەلێک لە وڵاتان ھەیە، بەتایبەتی  سەرۆکی ئەمریکا پێگەیەکی گرنگی ھەیە لە سیاسەت داڕشتنی ئەو وڵاتەدا.

ترەمپ و بایدن
ھەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ لە نێوان دوو کاندیدی بەھێزدایە جۆ بایدن کە جێگری سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا باراک ئۆبامابوو، جگە لەوەی پەنجا ساڵە لە ناو کۆڕی سیاسەت و کۆنگریس و سەناتدایە، دۆناڵد ترەمپیش کاندیدی کۆمارییەکانە سەرۆکی ئێستایە و پێشتر بازرگانێکی خانوبەرە بوو.

جیاوازییەکانی ئەم دووانە
دوای چوار ساڵ لە حوکمڕانی گومڕایی و بێ دەربەسی سەرۆک ترەمپ، بایدنی دیموکراتخواز خۆی کاندید دەکات و بەھیوایە سەروەرییەکانی ئەمریکا زیندوو بکاتەوە لەسەر ئاستی نیشتمانیی و نێودەوڵەتییش بەھۆی ئەو شارەزاییە زۆرەی کە ھەیەتی، لە کاتێکدا ھەندێک لەو باوەڕەدان کە بایدن ناتوانێت ببێتەھۆی ھەڵھاتنی ڕۆژێکی نوێ بە قەدەر ئەوەی کە ھەوڵ دەدات بگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی پێش ترەمپ. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە بۆ بابەتە ھەستیار و گرنگەکانی وەکو کەش و ھەوا و جیاوازی ئابوری و بەرەنگاربوونەوەی سەرکردە دکتاتۆر و ستەمکارەکان ھەنگاو دەنێت، لەمانەش زیاتر لایەنگرانی بایدن دەبێژن سەرکەوتنی بایدن واتە مانەوەی ئەمریکا لە سەرکردایەتی جیھان، بەڵام نەیارەکانی بە پێچەوانەوە دەیبینن و دەڵێن بایدن تەنھا سێبەری ئۆبامایە و سیاسییەکی ناوەنجی بێ دیدگای ڕوونە و دەمێنێتەوە سەرئەوەی کە کێ دەکات بەوەزیری دەرەوە و بەرگری و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەوە گرنگە.

بایدن لەو باوەڕەدایە کە بەھێزکردنی بەرەی ناوخۆیی ئەمریکا مەرجێکی بنەڕەتیە بۆ سەرکردایەتی جیھان لەلایەن ئەمریکاوە، لە ڕاستیدا ئەو بیرۆکەی کە دەیگوت کە سەرکردایەتی جیھان ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەمریکایە ئەو بایدن خاوەنێتی، بەڵام ترەمپ وازی لێھێنا.

کەش و ھەوا و تەندروستی
ترەمپ ساڵی پێشوو لە پەیماننامەی کەش و ھەوای پاریس کشایەوە، بەڵام بایدن بەڵێنی داوە ئەگەر سەرکەوتن بەدەستبھێنێت ئەوا یەکسەر دەگەڕێتەوە ناو پەیماننامەکە و ئەمریکا پابەند دەبێت بە ڕێککەوتننامەی احتباسی گەرماوە. لە ڕووی تەندروستیشەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی و پابەند دەبێت بە دانی ھەموو شایستە داراییەکانی و کۆمەک و ھاریکاری دەکات بۆ دۆزینەوەی ڤاکسین بۆ ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ کۆرۆنا.

دیموکراسی و پرنسیپە جوانەکانی
بایدن دەڵێت ئێستا جیھان لە جەنگێکدایە لە نێوان دیموکراسی و دیکتاتۆریەتدا، پێویستە ئەمریکا پێشڕەوی دیموکراسی بێت، ھەروەھا زیاتر لەسەری دەڕوات لە گۆڤاری (فۆرین ئەفیرزی ئەمریکی) ئاماژەی بەوەکردوە کە ئەمریکا ئامادەیە ئەم ڕۆڵە ببینێت نەک لە ڕێی نمایشکردنی نموونەیەکی بەھێزمانەوە بەڵکو لەڕێی ھێزی نموونەکەمانەوە و بەڵێنی ئەوەشی داوە کە کۆبوونەوەیەکی لوتکەی جیھانی دیموکراسی ببەستێت لە یەکەم ساڵی ولایەتەکەیدا.

دەربارەی چین
بە پێچەوانەی ترەمپەوە، بایدن دەڵێت زۆر توند دەبم بەرامبەر بە چین بە تایبەت لە مەسەلەی ھەڕەشەکانی لە تایوان و ڕەفتارە نایاساییەکانی لە بواری بازرگانیدا لە دزینی بیرۆکە و تەکنۆلۆجیای کۆمپانیا ئەمریکیەکان، ھەروەھا بایدن پێشنیاری ئەوەی کردووە بۆ ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا کە بەرەیەکی یەکگرتوو پێکبھێنن بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەو ڕەفتارانەی چین.

قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی
بایدن لەگەڵ ئەوەدایە زیندووکردنەوەی پەیماننامەکانی دانانی سنوور بۆ بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ڕوسیا کە لە سەردەمی ترەمپدا ئاڵۆزبوو، ھەروەھا درێژکردنەوەی پەیماننامەی ستارتی نوێ لەگەڵ ڕوسیا کە ئۆباما ساڵی ٢٠١٠ ئیمزای کردبوو. دەربارەی ئێرانیش بایدن دەڵێت ئەگەر ئێران پابەند بێت ئەوا ڕێککەوتنی ( ٥+١) ڕیفۆرم دەکەینەوە کە ترەمپ پاشەکشەی لێ کرد ساڵی ٢٠١٨.

کێشە و ململانێکانی جیھان
بایدن بە نیازە ناتۆ زیندوو بەھێز بکاتەوە ھاوپەیمانێتیەکانی لە ئاسیا پەرەپێبدات بەرامبەر جموجووڵەکانی ڕوسیا دژ بە ڕۆژئاوا و ھەروەھا ھەوڵی زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی فەلەستین - ئیسرائیل کە ترەمپ تێکی دابوو، ھەروەھا بڕینی کۆمەک و چەک لە شەڕی سعودیە و یەمەن، چاککردنی یاسای کۆچ و ھاریکاری نەتەوە یەکگرتووەکانە و یاسای نێودەوڵەتی.

دبلۆماسیەت
بایدن دەڵێت ڕاستگۆیی و متمانە دەگەڕێنینەوە بۆ دیبلۆماسیەت ئەوەی کە ترەمپ وێرانی کردبوو، دەڵێت من وەکو سەرۆک دیبلۆماسیەت دەکەمە بنەمای سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا.