سەردێڕ:

لە بری سزادانی بیرەوەری

11/24/2020 2:25:53 PM
7188 جار خوێندراوەتەوە
ڕەحمان غەریب
+ -

لە نێوان دەرچوونی کتێبی "لەبری بیرەوەری " مەلا بەختیار و "سەگوەڕ"ی محمەد موکری، چەند ساڵە؟ چل ساڵ ؟ زیاتر؟ کەمتر؟ نازانم، بەڵام ئەوکات بیرکردنەوەی مام جەلال بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ھەندێ بابەتی بیرورای جیاواز لەناوخۆی حزبەکەی لە بەشێکی زۆری سەرکردایەتییەکی ئێستای یەکێتی کراوەترو پێشکەوتووتربوو.

سەردەمی شۆڕش و دیسپلینی حزبی و عەسکەری بوو، جیاوازی وەک تاوان تەماشا دەکرا، مام جەلال دەڵێت: "قسەکانی زۆری منی دەگرتەوە" مەبەستی بەرھەمەکەی رۆمانووس محمد موکرییە. بەڵام "مام" نەچوو پێشنیازی سزا بۆ نوسەرەکەی بکات، داوایکرد بە نوسین وەڵام بدرێتەوە.

ئەو لە ژیان و کتێبەکانەوە دەیزانی "لەیەکچوون" زیاتر بۆ وەسفی گۆرستان گونجاوە، بەڵام "جیاوازی" سیفەتی گرێدراوە بەکیانی زیندوو، جیاوازی روحی ژیان و داینەمۆی گۆڕانە، لە ھەر کوێ بیروڕای جیاواز لە ژینگەی ململانێی مەدەنی و ئاشتیخوازانە ئامادەبوو، چاوەڕوانی شتێکی نوێ بن، نوێ بەمانای گۆرانکارییەک کە دڵخوازی (تۆ) یا (ئەویدی جیاواز) نەبێت.

بەبێ رێزگرتن لە جیاوازی ناتوانین باس لە دێموکراسییەتی ژیانی ناوخۆی حزب و دامەزراوەکان بکەین، ئەمە بۆ دەسەڵات و سیستمی سیاسیش راستە، کرانەوەی فەزای ئازادی رەخنەگرتن و زەمینەسازکردن بۆ ئازادی جیاوازییەکان، ئەو دەسەڵاتە بەھێزو رێزلێگیراو دەکات، پێچەوانەکەیشی دروستە.

لەناو ھەر دەسەڵاتێکی حزبی سەرۆکایەتی، ھاوسەرۆکی، نابێت دێموکراسییەتە ناخۆییەکەی لەمەڕ ئازادی رەخنەگرتن، لە بەردەم تەلبەنی ریزی پێشەوەی سەرکردایەتی حزبەکان بوەستێت، کە تەلبەنەکەی ئەوانی نەبەزاند، پێی دەوترێت دێمۆکراسییەتی سەر کاغەز.

ئیدی کە کرداریش لەوپەڕی دونیابێت و کەس دەستی پێی نەگات، لەناو ئەم مۆدێلە لە ژیانی حزبایەتی کوردستانی، ئەندام ھەست ئەکات حزب لەناو ھۆشیاریاندا دەبێت بە پاپۆرەکەی "تایتانیک" خۆ پاپۆری کارەستبار ھەڵگری یادەوەری گەورەترین عەشقیش بوو، بەڵام چونکەچارەنووسی نوقم بوون بوو، سەرنشینەکان خۆیان دەربازکرد.

دەسەڵاتی دێموکراسی نابێت لە جیاوازی بتوقێ و ئینجا ئەندامەکانیشی لەسەر جیاوازی بیروڕا بتۆقێنێت، ھەروەک رەوایەتی تیا نییە ئەو کیانەی پرە لە جیاوازی بیروڕا وەک کیانێکی لاواز تەماشا بکرێت بە مەرجی ئەوەی جیاوازییەکان لەسەر بنچینەی رقەبەری کەسێتی و یەکترشکاندن و پەراوێزخستن بەرێوەنەچن.

رێکخستنی ململانێی سیاسی و فکری بەشێوەیەک بێت کە وەرگر لە دەرەوەو ناوەوە ھەست نەکات جیاوازییەکان بۆ بەرژەوەندی کەس و بنەماڵەی سیاسی یان سەرۆک و دەوروبەری بەرژەوەندخواز و ھەڵپەرست، بەرێوەدەبرێن.

ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی کە وەک "مام"یان پێنەکراو سووربوون لەسەر سزادان با مەرجەکانی دادگاییەکی دادوەرانەی بۆ برەخسایە، خۆی ئامادەبوایە، پەیڕەوی ئەلفوبێی سزادانی حزبی بکرێت، کە "تۆمەتبار" جارێ ئەندامی دەستەیەکی تری حزبی بێت، چۆن لە دەستەیەکی تری حزبی سزای بۆ دەردەکرێت؟

ئاخر ھۆشیاری تاکەکان لەکاتێکدا دەشێوێت کە سزا ببینیت و تاوان نەکرابێت، یان تاوان بکرێت و سزا نەبینیت، مارکسی بلیمەت وایووت.