سەردێڕ:

دەستەکان ببڕن!

5/19/2020 12:34:40 PM
7002 جار خوێندراوەتەوە
بەشدار عوسمان
+ -

(دەستێک) لە پشتەوەی دەستبەسەراگرتنی زەوی و زار و بەرزرکردنەوەی کۆشک و ڤێلا و ئاپارتمانەکانی خۆتان و منداڵ و نزیکەکانتانە؟ (دەستێک) لە پشتەوەی فەرھودکردنی سامانی ئەو وڵاتە و بردنە دەرەوەی پارەکانیانە، (دەستێک) لە پشتەوەی فەرامۆشکردنی کەرتی تەندورستیی گشتیە، وایلێھاتووە و ھیچ نەخۆشێک لە نەخۆشخانەی حکومی چاکنابێتەوە!

دەستێک لە پشتەوەی دورستکردنی قوتابی و خوێندکاری یەخسیر و نەخوێندەوارە لەرێگای بەحزبیکردنی پەروەردە و فێرکردن و سپاردنی بە کادیرە حزبیەکان، بەڵێ دەستێکی رەش لە پشتەوەی بێ ئیرادەکردن و تێکشکاندنی نەفسیەت و شەخسیاتی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە و سی ساڵە بە پلان و پارە و پەروەردە، ئاگر و ئاسن و توندوتیژی دەستەکەیان درێژتر دەبێتەوە.

ئەوە دەستێکی تێکدەرە رێگا نادات جادە و رێگاوبانەکان سەلامەت بن و رۆژانە دەیان قوربانی لێ بکەوێتەوە، ئەوە دەستێکە سێ دەیەیە پلانێکتان دانەنا دوو کارگە و کارخانە بخەنەگەڕ و گەنجەکان بچنە سەر کاری خۆیان و ناچارنەبن ببن بە باخەون و پاسەوانی ماڵ و کۆشک و باخەکانتان، دەستەکانی پشتەوەی بێ ئومێدی و کۆچی گەنجانی ئەو وڵاتە و خنکانیان لە ئیجە، دەستێکی ناشیرینە و دەبێت ببڕدرێت.

ئەوە ئەوپەڕی سووکایەتییە بەرامبەر بەخەڵک، سەروەت و سامانەکەی بۆ خۆت ببەی و لە ھەموو سیما و روخسارێکی کۆمەڵگای ئینسانی بێبەشیبکەیت و بچوکترین بەرپرسیاریەتی نیشان نەدەیت لە ژیان و گوزەرانیان، تەنانەت کرێی رۆژانەی کارکردنیان پێ نەدەیت و لەکاتی نارەزایەتییش بە خائین و تێکدەر و نۆکەری بێگانە تاوانباری بکەی و رەوانەی زیندانەکانیان بکەی، ئەو مامەڵانە لە فەرھەنگی دەسەڵاتێک جێگەی نابێتەوە کە تۆزقاڵێک نزیکایەتی بە ماف و ئازادییەکانەوە ھەبێت.

ئەوە ئێوەن شارەزایی و ئەزموونی باشتان لەرێگەی تاران و ئەنقەرە ھەیە، نەک خەڵکی کوردستان! ئەوە خەڵک نەبووە دەستی خوێنڕێژترین رژێمە دکتاتۆرەکانی راکێشابێ و کارەسات و موسیبەتی بەسەر ئەو کۆمەڵگایە ھێنابێت، ئەوە خەڵک نەبووە رێگای دابێت ھەرچی دەزگای جاسوسی و سیخوڕی ھەیە لەم سێ شارەدا تەراتێن بکەن.

سەیری ئەو بەدبەختییە بکەن، دوایی چەندان ساڵ لە سەبر و ئارامی و سگ کوشینی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ موچە و کرێی مانگانەکەی دەنگی ھەڵبڕیوە، کەچی بە تێکدەر و لە پشتەوەبوونی (دەستێک) تۆمەتباریان کردن، خەڵک چیتر توانای بینینی ناعەدالەتیەکانی نەماوە کە رۆژ لەدوایی رۆژ کێرڤەکەی بەرزدەبێتەوە، خەڵک دەبینێت و دەبیستێ، دەسەڵاتداران چۆن دەژین و لە چ ناز و نیعمەتێکدا دەیگوزەرێنن و لەملاشەوە سفرەی ھەژارانەتر دەبێت و چارەنوسی مناڵ و قوتابیەکانیشی بە چارەنوسێکی رەش و نادیار دەسپێردرێت.

پەیامی نارەزایەتی خەڵک روونە و چیتر سوکایەتیان پێمەکەن، ئەوان دەڵێن:  ئێمە کۆشک و تەلارەکانی ئێوە دەبینین و ئێوەش دەبێت بە کەلاوەنی ئێمە ئاشنابن، ئێمە دەزانین ئێوە تێر و پڕن، ھیچ بەھانەیەکیش نییە ئێمە برسی  بین. پارە و ئیمکانیاتی زۆر بۆ بڕینی ئەو دەستانە سەرف مەکەن وەکو پێشتر کردوتانە، ھەر ئەوەندە واز لە بزنس و کۆمپانیا و گۆڕینی مۆدیلی ناوماڵ و ئۆتۆمۆبیل و گەشتی وڵاتان و تاپۆکردنی زەوی و تەپۆڵکەکان بھێنن و ئەو (دەستە) ببڕن.

(دەستەکانی) پشتەوەی نارەزایەتی کوردستان بۆ نان و موچە، بۆ ئازادکردنی زیندانیەکان، دەستێکی پیرۆزە و دەبێ بپارێزرێ کە دەستی باشکردنی ژیانی خەڵکە، دەستی گەیشتنە بە ئازادی کە ساڵانێکە بۆی تێدەکۆشێ.