سەردێڕ:

تێزەکەی دەوڵەتمەدار و دابەشکردنی ھەرێم

1/19/2021 8:46:36 PM
5992 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

نەدی و بدی کوڕێکیان ھەبوو، نەیاندەزانی کوێی ببڕن. دەڵێن لە ھەڵەبجەی جاران تیپێکی تۆپی پێ ھەبووە لە حەفتاکان، لەبەر کەمدەرامەتی لە ناو ئەندامانی تیپەکەدا پارەیان کۆکردوەتەوە بۆ کڕینی تۆپ، یەکێک لە ئەندامانی تیپەکە لەبەر ئەوەی باش یاری نەکردووە ، کەمتر لەگەمەکاندا بەشدارییان پێکردووە. ئەویش دەڵێ یان دەبێ ھەتا کۆتایی یاریبکەم و لە ھێڵی پێشەوەشدابم یان لە تیپەکە دەردەچم و پارەکەی خۆمم دەوێت، وتیان باشە پارەکەشت دەدەینەوە و لە تیپەکەش بمێنەرەوە ئەویش دەڵێ، من ٢٥ فلسم داوە بەقەدەر ئەو بیست و پێنج فلسە لە تۆپەکە دەکەمەوە. گەلی کوردستان دوای ١٠٠ ساڵ قوربانی توانی لە پانتاییەکی بەشێک لە جەستەی نیشتماندا کیانێک بەرھەمبھێنێ، کەچی لە ناوخۆدا ھەر ڕۆژە و بە بیانوویەک دەمانەوێ وەک ئەو دوو نموونەی ئاماژەم پێدا، ھەر جارە و بە ھێنانەوەی بیانوییەکی نا لۆژیکی، دەمانەوێ ئەم پرۆسەیە تێک و پێک بدەین.

ڕۆژێک شەڕی ناوخۆ، جارێک بە شەڕە جوێن و دروستکردنی فەوزا، ڕۆژێک بۆ دابەشکردن بۆ دوو ھەرێمی جیای سیاسی و جوگرافی. ئەم ھەموو سەرلێشێوانە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێ؟ لە کاتێکدا ئەو ھەموو نەتەوەیە دەبینین لە ئاینی جیاواز و حزبی جیاواز، بەڵام پێکەوە ھەڵدەکەن و جیاوازییەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر دەکەن. کەچی ئێمە یەک نەتەوەین و لە چەند گروپێکی ئاینی جیاجیا، بەڵام دوێنێ و سبەینێمان یەک چارەنووسە لە ئەمڕۆیەکی سەرگەردانیدا خۆی دەبینێتەوە.

ماوەیەکە دەنگۆی دابەشکردنی کوردستان دەبیسترێت، لەلایەکی دیکەوە لەسەر ناوەندێتی بەڕێوەبردن و دارایی قسەوباس وشەڕەپرۆژەیە . ھەتا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە ناوەندێتی بەڕێوەبردن و دارایی ھەبێت، ئەمە بەرمەبنای بڕگەی ٣ ی مادەی ھەشت لە یاسای ئەنجومەنی وەزیران ژمارەی (٣) ی ساڵی ١٩٩٢، دواتر بۆ گەڕانەوە بۆ بەرنامەی کاری کابینەی نۆی حکومەت ڕێگا دراوە بۆ ناوەندییەتی بەڕێوەبردن و دارایی و سەرۆکی حکومەتیش چەند جار ئاماژەی بەوەداوە دەسەڵات دابەزێت بۆ پارێزگاکان تائێرە دروستەو قابیلی گفتوگۆیە ھەرچەندە بە بۆچوونی من ئەگەر تێگەشتنێکی دروست و دوور لە نێرجسییەت و ڕق لە یەکبوون ھەبێت، پێویست بەمەش ناکات و دەتوانرێت لە ڕێگای گفتوگۆوە ھەمووشت چارەسەربکرێت. چونکە ئێمە لە دۆخێکدایین وەک نەشتەرگەری مێشک وایە دەبێت زۆر وردبین لە بڕیارداندا، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئەوەیە دەنگێک ببیسترێت، کە بە بازاڕکردن بۆ کاڵایەکی بۆگەن بکات ئەویش دابەشکردنی ھەرێمی کوردستانە بۆ دوو بەشی جیاوازی سیاسی و جوگرافی، ئەم جۆرە بیرکردنەوە ھی کەسانێکن ھێزی بیرکردنەوەیان نییە، ھی ئەوانەیە وێنایەکی دروستیان بۆ نیشتمان نییە. لە ڕووبەرێکی زۆر بچوکدا بیر لە نیشتمان و وێنای نیشتمان دەکەن. ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ مێژوو کە لە فەرھەنگیشدا ڕەنگی داوەتەوە و کاریگەری بەردەوامی ھەیە بۆ ترازانی بەردەوام، چونکە وێناکردنی کوردستان لە جوگرافیایەک یان بچوککردنەوەی بۆ شارێک و ناوچەیەک، گەڕانەوەیە بۆ ئەزموونە شکستخوادووەکان. ئەم بیرکردنەوە نەخۆشە لەبری دروستکردنی نیشتمانێک بۆ ھەمووان، چەند میرۆکە و قەڵەمڕەوییەکی بچووک دەکاتە بەدیلی کوردستان، ئەمەش بە ئاسانی دوژمن دەتوانێت بە یەکیاندا بدات ھەتا ھەموویان لەناو دەچن. ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە بەداخەوە بۆتە بەشێک لە فەرھەنگی سیاسی ناو کورد، کە ھەمیشە لە چوارچێوەی ئیمپراتۆرەکان و دواتر دەوڵەتەکان داوای دەسەڵاتی قەڵەمڕەویمان کردووە دواتر شکستمان چنیوەتەوە.

بۆ دەربازبوون لەم دۆخە شڵەژاو ناجێگیری فیکری و سیاسییە، پێویستمان بە تێزێک ھەیە لێکەوتە ترسناکە کانی ئەم دۆخەمان نیشانبدات، بۆ ئەم تێگەشتنەش گەڕانەوە بۆ گوتە مێژووییەکەی دەوڵەتمەدار نێچیرەوان بارزانی، کە لە بۆنەیەکدا لەسەر بە دوو ئیدارەکردنی ھەرێمی کوردستان وتی: ( دوو ئیدارەیی واتە سفر ئیدارە) ئەم وتەیە بە پلەی ئیمتیاز فەلسەفەی سیاسەتە. ئەگەر ڕاڤەی بۆ بکەین زۆر نەگوتراوی تێدا دەدۆزینەوە. ئەم گوتەیە گەڕانەوەیە بۆ قوڵایی مێژووی کورد و ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی شکست و وەبیرھێنانەوەی ناتەباییە مێژووییەکانی دوێنێمان و لێکەوتەکانی بە تێگەشتنی واقیعی ئەمڕۆی سیاسی جیھان و ناوچەکە و کوردستان، ئەوکات پێی وتین بیر لە کارتێک مەکەنەوە لەتەک ڕاکێشانیدا دەدۆڕێن، ئەم گوتەیە دەمانباتەوە بۆ لای بۆچوونەکانی ھانا ئارێنت لەسەر فەلسەفەی مێژوو کە دەڵێ: ( پێویستە ساتەکانی ڕابردوو زیندوو بکەینەوە کە شایەنی پاراستنن، ئەو بەشەی گەنجینەی ڕابردوو  ڕزگاربکەین، کە بۆ ئێمە گرنگە) کەواتە ئەوەی دەوڵەتمەدار گوتی تێزە.

بۆ ئەوەی ئێستا ڕزگار بکەین، کە وتی دوو ئیدارەیی یان دوو ھەرێمی واتە سفر ھەرێم، بۆیە دەبێت ھەموو لایەک ئەوە بزانێت بیرکردنەوە لە دابەشکردنی یەک بۆ دوو، دەرەنجام سفر بەدەست دەبێت.